ئەنجامی توێژینەوەیەكی
ئەمریكی كە لە ناوەندی سیدارز _ سینای پزیشكی لە لۆس ئەنجلۆس ئەنجامدراوە، جیاوازی
وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەخاتەڕوو، بۆ بەرگری ئەو كەسانە كەپێشتر توشی كۆرۆنا
بوون لەگەڵ ئەوانەی توشی نەخۆشییەكە نەبوون.
توێژینەوەكە لە
گۆڤاری نیچە میدیسندا بڵاوكراوەتەوە، هەزار كەس لە ستافی تەندروستی نەخۆشخانەكان وەك
خۆبەخش بەشداریان تێداكردووە.
بەپێی ئەنجامەكان
ئەو كەسانەی پێشتر توشی كۆرۆنا بوون و تێیانپەڕاندووە، بەرگری لەشیان بەهێزترە، بەجۆرێك
ئەگەر ئەو كەسانەی لەكۆی دوو ژەمی ڤاكسینەكە ئەگەر تەنها یەك ژەم وەربگرن، بەرگری
لەشیان بەهێزترە لەوانەی توشی نەخۆشییەكە نەبوون بەڵام هەروو ژەمی پێكوتەكەیان وەرگرتووە.
سۆزان چانگ سەرۆكی
گروپی توێژینەوەكە دەڵێت "پێشبینی ئەو ئەنجامەمان نەدەكرد، بەڵام ئەنجامەكان
ئەوەیان دەرخستووە"، ئەو پسپۆڕە باسی لەوەشكردووە، ئەوانەی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە
ڕەنگە وەرگرتنی یەكێك لە پێكوتەكان بەسبێت بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لە ئەگەر توشبوونەوە
بە كۆرۆنا.
بەشێوەیەكی
گشتی ئەو ڤاكسینانەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستكراون لە دوو ژەم پێكهاتوون، بەجۆرێك
كاتێك كەسێك ژەمی یەكەمی بۆ بەكاردەهێنرێت، دوای دوو هەفتە ژەمی دووەمی لێدەدرێت،
ئەوەش بەخاڵی هاوبەشی ڤاكسینەكان دادەنرێت كە لە چەند جۆرێكی جیاواز پێكهاتوون لەلایەن
كۆمپانیاكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا هەروەها چین و ڕوسیاوە دروستكراون.
2787 جار خوێندراوەتەوە