پێشبینییەكان بۆ ئایفۆن (14) هەمووان توشی شۆك دەكات

KNN : Kurdish News Network
11:22 - 19/04/2021
زانستی
+
-

شارەزاییەكی بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئەپڵ، پێشبینییەكانی خۆی بۆ مۆبایلی ئایفۆن (14) لە ڕاپۆرتێكدا دەخاتەڕوو، ئەوەش ساڵێك بەر لە بڵاوكردنەوەی مۆبایلەكە، كە بڕیارە لە 2022 بخرێتە بازاڕەكانەوە.

پێشبینی دەكرێت پاش چەند مانگێكی دیكە كۆمپانیای ئەپڵ نوێترین مۆبایلی خۆی بەناوی ئایفۆن (13) بخاتە بازاڕەكانەوە، واتە ماوەیەكی كەمی ماوە و بەرهەمەكە بەردەست دەبێت، بۆیە لەئێستادا سەرنجەكان لەسەر مۆبایلی ئایفۆن (14) یە كە ئایا چ تایبەتمەندییەكی تێدا دەبێت؟ ئەپڵ چۆن گۆڕانكاری تێدا دەكات؟

مینگ چی كو، كە یەكێكە لە شارەزا بەناوبانگەكان لە بەرهەمەكانی ئەپڵ، پێشبینییەكانی خۆی بۆ ئایفۆن (14) لەڕاپۆرتێكیدا بۆ ماڵپەڕی ماك ڕۆمز ئاشكراكردووە، ئەوەش سەرنجی زۆر كەسی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.

چی كو، ئاماژە بەوە دەكات، كامێرای سەرەكی ئایفۆنەكە (48) مێگا پێكسڵ دەبێت، ئەوەش وادەكات وێنەكانی زۆر جوان و تایبەت بن، گرتنی ڤیدیۆكانیشی دەتوانرێت بە سیستمی (8)K  بێت، كە هەمووان توشی سەرسوڕمان دەكات.

هەر بەپێی پێشبینییەكان لە مۆبایلی ئایفۆن (14)گۆڕانكاری لە شێوازی ناسینەوەی (Face ID) دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانەی لە شاشەكەیدا ڕوودەدات.

لەڕووی قەبارەوە ئەو شارەزایەی پێشبینی دەكات لە ساڵی (2022) ئایفۆنی مینی نەمێنێت، تەنها بە دوو قەبارەی شاشە جیاواز مۆبایلەكە بخرێتە بازاڕەوە ئەوانیش (6.1) و (6.7)ئینجن.

مینگ چی كو، ئاماژە بەوەش دەكات، بە هیچ شێوەیەك لەسەر شاشەی مۆبایلەكە شوێنی ناسینەوە پەنجە مۆر كە بە فینگەر پرنت ناسرابوو دانانرێتەوە و تەواوی ڕوكاری مۆبایلەكە بۆ شاشە تەرخان دەكرێت.

هەموو ئەوانەی ئەو شارەزایە لە ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی ماك ڕۆمز باسی كردووە پێشبینییە، بۆیە تا ئەو كاتەی ئەپڵ مۆبایلی ئایفۆن(14)دەخاتە بازاڕەوە، بەشێكی زۆری تایبەتمەندی و زانیارییەكان بە نهێنی دەمێننەوە.

1562 جار خوێندراوەتەوە