هەواڵێك بۆ ئەو كەسانەی لە پارشێوان برنج دەخۆن

KNN : Kurdish News Network
05:19 - 14/04/2021
تەندروستی
+
-

بەشێكی ئەو كەسانەی بەڕۆژوو دەبن لە ژەمی پارشێودا برنج دەخۆن، كاتێكیش پرسیاریان لەبارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو خۆراكەوە لێدەكرێت، باس لەوە دەكەن ئەگەر برنج نەخۆن زۆر برسیان دەبێت و گرتنی ڕۆژوو بۆیان زۆر قورستر دەبێت.

زۆرینەی پسپۆڕانی خۆراكی و تەندروستی جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی خواردنی خۆراكە سوكەكان بۆ ژەمی پارشێو، بەتایبەت شیرەمەنی و خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین، بەڵام بۆ ئەو كەسانەی كە خواردنی برنج لایان مەرجە بۆ گرتنی ڕۆژووەكە، روونكردنەوەی خۆیان هەیە و رێگایەكیان داناوە بۆ ئەوە خۆراكەكە زیانی بۆیان نەبێت.

پسپۆڕەكان دەڵێن خواردنی برنج لە ژەمی پارشێودا ئاساییە، بەو مەرجەی بەشێوەیەكی تەندروستی ئامادەكرابێت، بەڵام بەو شێوازەی كە لەئێواراندا زۆرینەی هاوڵاتیان دەیخۆن ئەوە زیانی هەیە و وادەكات كەسەكە لەڕۆژدا هەست بە ماندوێتی و تینوێتی زۆر بكات.

باشترە برنجی ژەمی پارشێو شێوازی ئامادەكردنەكەی زۆر تەندروست بێت، بڕێكی زۆر كەم زەیت و خوێی تێدا بێت و بەهارات نەكرێتە پێكهاتەكەیەوە، چونكە ئەوانە وادەكەن كەسەكە لەڕۆژدا هەست لە تینوێتی زیاتر بكات.

ئەگەر گێزەر و بەزالیاش بۆ پێكهاتەی برنجەكە زیاد بكرێت، ئەوا جگە لەوەی شێوەیەكی جوانی پێدەبەخشێت، هاوكات سودەكانی زیاتر دەبن، چونكە گێزەر و بەزالیا دوو سەوزەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و ماددەی خۆراكی، كاتێكیش لەژەمی پارشێودا دەخورێن سودێكی زۆری بۆ كەسی ڕۆژوەوان دەبێت.

جگە لە برنج دەتوانرێت لەژەمی پارشێودا مریشك و نان بخورێت، بەڵام باشترە مریشكەكە كوڵاو بێت و نانەكەش لە جۆر دروستكرابێت، چونكە ئەوانە سودیان زۆرە و نابنە هۆی زیادبونی هەستی تینوێتی لەڕۆژدا.

3759 جار خوێندراوەتەوە