رونکردنەوە لەبارەى چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵەوە دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
05:14 - 07/04/2021
کوردستان
+
-

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: لەگەڵ خوێندنی ئەلکترۆنیدا نین بەڵام، ناچارین، راوێژکارێکیش لە وەزارەتى پەروەردە ئاشکرایدەکات، تا دۆخى کۆڕۆنا بەردەوام بێت و مەترسییەکان کەم نەبنەوە دەرگاى قوتابخانەکان بەداخراوى دەمێننەوە.

تانیا عوسمان عەزیز راوێژکار لە وەزارەتى پەروەردە بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ى رایگەیاند: لەسەر چارەنووسی پرۆسەی خوێندنى ئەمساڵ، ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوینەوە، لە بەر زیاد بوونی ژمارەی توشبوان بە کۆرۆنا هەموو لایەک  پێمان باش بوو کە دەرگای قوتابخانەکان نەکرێتەوە.

لاى خۆیەوە، عەبدوسەلام دۆڵەمەڕى سەرۆکى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: دوو پێشنیارمان داوەتە وەزارەتی پەروەردە، یان دەرگای قوتابخانەکان بەداخراوی بمێنێتەوە تا کاتی هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، یان خوێندن بە ئەلکترۆنی بەردەوام دەبێت.

وتیشی: هیچ یەکێک لە لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە پێمان وانیە خوێندنی ئەلکترۆنی جێگرەوەی خوێندنی نا قوتابخانەکان بێت، بەڵام مەترسى دۆخەکە ناچارمان دەکات ئەو بڕیارە بدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد: قۆناغی (12)ی ئامادەیی بەردەوام دەبن لە خوێندن.

لەبارەى چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵیشەوە، راوێژکارەکەى وەزارەتى پەروەردە رایگەیاند: هەرکاتێک دۆخەکە باشبو و مەترسى نەما دەرگاى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێک روون نیە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی (25/3/2021) لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم کۆبوەوە بەهۆی زۆر بوونی ژمارەی توشبوان بەکۆرۆنا بڕیاری داخستی دەرگای قوتابخانەکانیان دا جگە لە قۆناغی (12)ی ئامادەیی.

1596 جار خوێندراوەتەوە