درۆى نیسان چیە؟

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 01/04/2021
هەمەڕەنگ

رۆژی یەكی نیسانی هەموو ساڵێك، جیهان یادی بۆنەیەك دەكاتەوە كە فەرمی نییە، بەڵام لەزۆرینەی وڵاتان یادی دەكرێتەوە و كەسانێكی زۆر خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن، ئەویش رۆژی درۆیە.

لەو رۆژەدا كەسانێكی زۆر بەشێوەی گاڵتە و بۆ خۆشی درۆ لەگەڵ كەسانی بەرامبەریاندا دەكەن، هەوڵیش دەدەن درۆكەیان بەجۆرێك بێت كەسەكە باوەڕیان پێبكات و كاریگەریان لەسەر دروستبێت.

درۆی نیسان كەی سەریهەڵداوە؟

چەندین گریمانە و لێكدانەوە جیاواز هەیە سەبارەت بە بنچینە و مێژووی سەرهەڵدانی درۆی نیسان، بەشێكیان دەیگێڕنەوە بۆ رۆمای كۆن و دەبەسترێتەوە بە ئاهەنگی هیلاریا كە لەوێ بەبۆنەی كۆتایی هاتنی زستان گێڕدراوە، لەو رۆژەدا خەڵكی جۆرە جلوبەرگێكی جیاوازیان لەبەركردووە كە خۆیان لەژێریدا شاردۆتەوە و گاڵتەیان لەگەڵ یەكتردا كردووە.

بەشێكی توێژەران باس لەوە دەكەن، درۆی نیسان كلتورێكی رۆژئاواییە و مەبەست لێی دروستكردنی كەشێكی خۆش و پڕ پێكەنینە بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی درۆكە دەكەن، ئەوانەش كە درۆكەیان بەرامبەر دەكرێت و باوەڕی پێدەكەن بە قوربانی درۆی نیسان ناودەبرێن.

یەكێكی دیكە لەلێكدانەوەكان دەیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی شارلی نۆیەم لە فەرەنسا، كاتێك ساڵی (1582) گۆڕانكاری لە رۆژمێردا كردووە، بەجۆرێك لەوكاتەدا لە (21)ی ئازار تاوەكو یەكی نیسان یادی سەری ساڵ كراوەتەوە و لەو كاتەدا چونەتە ساڵێكی نوێوە، بەڵام لەو ساڵەدا سێ مانگ دواخراوە و كراوەتە یەكی كانونی دووەم.

بەڵام بەشێكی خەڵكی هەر لە بەروارە كۆنەكەدا یادی ساڵی نوێیان كردۆتەوە، ئەوانەش كە لە یەكی كانونی دووەمدا ئاهەنگیان گێڕاوە گاڵتەیان بەو گروپەی دووەم كردووە.

بەشێكی دیكەی مێژوونوسان چیرۆكی سەرهەڵدانی درۆی نیسان دەبەستنەوە بە جەژنی هۆلی لە هیندستان، كە هیندۆسەكان لە (31) ئازار یادی دەكەنەوە و لەو رۆژەدا چەند دۆریەك دەكەن، راستی قسەكانیشیان تا ئێواری یەكی نیسان ئاشكرا ناكەن.

گەورەترین درۆكان
بەدرێژایی مێژوو لەم رۆژەدا چەندین درۆی گەورە كراوە كە كەسانێكی زۆر باوەڕیان پێكردووە، یەكێك لەوانە لە ئینگلتەرا بووە كاتێك ساڵی (1860) نامەیەكی بەریدی نێردراوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتوانی لەندەن، مۆرێكی ساختەی پێوەبووە و بانگهێشت كراون بۆ تاوەری لەندەن بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی ساڵانەی شتنی شێری سپی، داواشیان لێكراوە هیچ بڕە پارەیەك نەدەن بە پاسەوانەكان و رۆژی یەكی نیسان بەشێكی زۆری دانیشتوانی لەندەن چونەتە شوێنەكە، دواتر بۆیان روونبۆتەوە شتێكی لەو بابەتە بونی نییە و بانگهێشتنامەكە درۆی نیسان بووە.

ساڵی (2005) كۆمپانیای گۆگڵ رایگەیاند جۆرە خواردنەوەیەك دروستكراوە كە زیرەكی زیاد دەكات و بیركردنەوەی مرۆڤ فراوان دەكات ئەوەش كەسانێكی زۆر باوەڕیان پێكرد.

درۆی نیسان لە ئیسلامدا
زانایانی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە درۆی نیسان لە ئاینی ئیسلامدا كوناه و حەرامە، چونكە درۆ هەر درۆیە لە هەر رۆژ و كاتێكدا بێت و موسڵمان دەبێت لێی دووربێت، بۆ ئەوەی چەند فەرمودەیەكی پێغەمبەر (د.خ.) بەنمونە دەهێننەوە.

روداوى دڵتەزێن بەهۆى درۆى نیسانەوە

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ندێ هه‌ڵوێستى پێكه‌نیناوى له‌م رۆژه‌دا هه‌یه‌، كه‌چى رووداوى دڵته‌زێنیش به‌هۆى ئه‌م رۆژه‌وه‌ رویانداوه‌، به‌ناوبانگترینیان ژنێكى ئینگلیزى بوو، كاتێ هاوارى كردو داواى هاوكارى ده‌كرد له‌ نێو چێشتخانه‌كه‌یدا به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌و شوێنه‌دا، به‌ڵام كه‌س به‌ ده‌نگیه‌وه‌ نه‌رۆیشت، وا گومان برا ئه‌م هاوار كردنه‌ درۆیه‌، چونكه‌ ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌ رۆژى یه‌كى نیسانى رویدابوو.

247 جار خوێندراوەتەوە