(20) هۆکارى سەرسوڕھێنەر بۆ دروستبوونی ئازار لە جەستەتدا

KNN : Kurdish News Network
01:53 - 30/03/2021
تەندروستی
+
-

ھەندێکجار بوونی ئازار لە جەسەتدا ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵبژاردنە سادەکانمان کە رۆژانە دەیکەین، ئەمانەی خوارەوەش ھەندێک لەو نمونانەن:

1- لەپێکردنی نەعل و پێڵاوی نەگونجاو وەکو سەندەل و نەعلی لاستیک و پێڵاوی نووک تیژ کە دەبنە ھۆی ئازاری پێیەکان، قولە پێ ، ئەژنۆ.
2-بەکارھێنانی زۆری مۆبایل (سمارت فۆن)، نووسینی تێکست و نامە بە بەردەوامی دەبێتە ھۆی ئازاری پەنجەکانی دەست و شان و ملت، بۆیە ھەر کاتێک ھەستت بە ئازار کرد پشوویەک وەرگرە لە مەسج و نامە.
3-جزدانی پارەکەت، دانانی جزدانی پارەکەت لەبەشی پشتەوەی پانتۆڵەکەت، لەوانەیە ھۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئازار لە پشت، سمت، ھەروەھا ئازارێکیش کە بگات بەبەشی خوارەوەی قاچ ئەویش بەھۆی فشار خستنە سەر دەماری (سایەتیک) کە لەوشوێنەدایە ڕۆژ بە ڕۆژ، ھەروەھا لەوانەیە شێوازی سروشتی وەستانی بڕبڕەکانی پشتیش تێکبدات، بۆیە باشترە پێش ھەموو دانیشتنێک جزدانەکەت لابدەیت.
4-دانیشتنی ھەڵە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، دانانی کورسی ئۆتۆمبێلەکەت بە گۆشەیەکی ھەڵە وادەکات کە بێتە پێشێ بۆ گرتنی سووکان، بۆیە ئازاری شان و ملت بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی تووشی ئەمە نەبیت پێویستە بەڕێکی کوشنی ئۆتۆمبێلەکەت دانێیت بەگۆشەیەکی وەستاو بەجۆرێک پاڵپشتی سەرو مل و بەشی خوارەوەی پشتت بکات، سوکان دەبێت بە ئاسانی دەستت بیگاتێ و دەستەکانت کەمێک نوشتاوەو ریلاکس بن.
5-گەمەکردن بە یارییە ئەلکترۆنییەکان، ھەندێک یاری ئەلکترۆنی کە جوڵەکانی وەک جووڵەی چەند وەرزشێک وایە لەوانەیە ببنە ھۆی برینداری بەستەر و تەقینی کرکڕاگە ھەندێک جار شکاویش، چارەسەریش ئەوەیە کە ھەندێ وەرزشی ڕاکێشان و سترێچینگ بکەیت پێش ئەنجامدانی ئەو گەمانە، ھەروەھا بۆ کاتێکی کەم ئەنجام بدرێت.
6-خواردنی زۆری پەنیر، ئەو کەسانەی حەزێکی زۆریان لەپەنیر خواردنە  ڕەنگە ھۆکاری سەرئێشەکەتان بێت، بەتایبەتی پەنیرە خۆشەکراوەکانی وەکو شیدەر، پارمیزا، سویسریەکان ئەویش بەھۆی زۆری ماددەی (تایرامین) تیایاندا، ھەروەھا ئەم ماددەیەی کە سەرئێشە دروست دەکات لەوانەیە لەھەندێک گۆشتی دروستکراو و معلب و ھەندێک خواردنەوەی وەکو بیرە یاخود ئەلکھولەکان ھەبێت، بۆ چارەسەری ئەمەش دەتوانیت یادەوەرییەک دانێت بۆ ئەو خۆراکانەی ئازارت بۆ دروست دەکەن و دوورکەویتەوە لێیان.
7-پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە، لەکاتی سەیر کردنی تیڤی یاخود پشوو دان بەشێوەی ھەڵە لەوانەیە ئازاری پشتت بۆ دروست کات، بۆیە باشترە نەھێڵیت لەو کاتانەدا خەوت لێکەوێت بەشێوازێکی ھەڵە، ھەمیشە کاتی نووستن بچۆرە جێگای خۆت.
8-ھەڵگرتنی منداڵەکەت، ڕۆژانە ھەڵگرتنی منداڵەکەت بەھەردوو دەستت دەبێتە ھۆی ھەوکردنی بەستەرەکانی پەنجە گەورەو مەچەک، بۆیە باشترە ئاگات لەھەڵگرتنی منداڵەکەت بێت بێ ئەوەی فشار بخەیتە سەر مەچەکت، دەستت بخەرە ژێر سمت و پشت و ماسولکەکانی قۆڵت بەکاربهبێنە.
9-لاپتۆپەکەت، شێوازی ھەڵگرتنی لاپتۆپ بە یەکشان یاخود بە دەست ئازارت بۆ دروست دەکات بۆیە باشترە کە جانتایەک بەکاربێنیت بە ھەردووشان ھەڵگیرێت یاخود زوو زوو جێگۆرکێ بکەیت بەجانتاکە لە شانەکانتدا.
10-توند بەستنی قژ لەناو خانماندا، لەوانەیە سەرئێشە دروست بکات یاخود ئەوانەی شەقیقەیان لەگەڵە ھەستیار ترن بەرامبەر لاستیکی قژ ، کڵاوی تەسک و توند، بۆیە لەو کەسانەدا باشترە قژیان نەبەستن و پەخشانی بکەن.
11-پزیشکەکان ھەتا ئێستا نازانن بۆ، بەڵام بۆنی بەھێز یەکێکە لە ھۆکارەکانی دروست بوونی ئازاری شەقیقە، وەکو عەتری تیژ، بۆنی دووکەڵ و جگەرە، بۆنی بۆیاخ ، بۆیە باشترە بزانیت کام بۆن ناڕەحەتت دەکات و دوورکەویتەوە لێی.
12- شێوازی نووستنی ناڕێک، ئەوانەی بە دەمدا دەخەون لەسەر گەدەیان، یاخود بەلایەک و لەسەر باڵێکیان ھەمیشە ئازاریان بۆ دروست دەبێت، باشترین ڕێگا بۆ نووستن بەپشتا یاخود بەلادا بەشێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا.
13-خواردنەوە ئەلکھولیەکان بەتایبەتی شەرابی سوور ، ویسکی ، بیرە ، شەمپانیا بۆیە باشترە تەرک بکرێن یاخود کەم بکرێنەوە.
14-نەخواردنی ژەمێک، دەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی شەکری لەش لەھەندێ کەسدا، کە دەبێتە ھۆی سەرئێشەیەکی زۆر بێ ئەوەی بزانیت کە ھۆکارەکەی برسی بوونە، بۆیە باشترە ژەمەکانت ڕێکخەیت و خواردنی بەسوود بخۆیت.
15-کێشەکانی چاو و کزی بینین ھەندێک جار دەبنە ھۆکاری سەرئێشە بۆیە باشترە ھەمیشە پشکنین بۆ بینینت بکەیت.
16-ھەڵگرتنی شتی قورس بەڕێگەی ھەڵە خراپترین شێوازیش چەمانەوە بۆ پێشەوەیە بۆ ھەڵگرتن ئینجا ڕێک کردنەوەی پشت لەکاتی ھەڵگرتن دا ، باشترین شێواز چەمانەوەی ئەژنۆ و حەوزە بۆ ھەڵگرتنەوەی شت.
17-سترێس و بیرکردنەوەی زۆر ھەمیشە ئازار زیاد دەکات.
18-سێکس کردنی زۆر، لەوانەیە فشاری خوێن بەرزکاتەوەو ھەروەھا کاریگەری ھەیە لەسەر گرژبوونی ماسولکەکانی شان و مل، ئەمیش لە پیاواندا زیاترە وەک لە ژنان.
19-ھەڵگرتنی منداڵ بەشان یاخود وەکو پێی دەوترێت قەڵادۆشکانی منداڵ ھۆکارە بۆ دروست بوونی ئازاری شان ومل.
20- ھەندێ کێشەی ددان و شەویلگە بە تایبەتی ئەوانەی لە کاتی خەودا دانیان جیڕ دەکەنەوە و توندی دەکەن، ئازاری شەویلگەو سەرئێشەیان بۆ دروست دەبێت.

د.هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن

2381 جار خوێندراوەتەوە