بەستنی دەمامك بووە بە
یەكێك لەڕۆتینەكانی ژیانی ڕۆژانەی هەرتاكێك وەك ڕێگایەكی سەرەكی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی
كۆرۆنا، بەتایبەت لەكاتی سەردانكردنی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەكاندا، ئەوەش بەپێی ڕێنماییەكانی
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و پزیشكە پسپۆڕەكان.
بەشێكی وڵاتانی جیهان
بۆ ڕێگری لە هاتنە دەرەوەی هاوڵاتیان بەبێ دەمامك؛ سزایان دیاریكرد، زۆرینەی بازاڕ
و مۆڵ و شوێنە گشتییەكان ڕێگەیان بە چونە ژورەوەی ئەو كەسانە نەدەدا كە دەمامكیان
نەدەبەست، ئەوەش هۆكارێكبوو بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری و پابەندبونی هاوڵاتیان بە بەستنییەوە.
ئێستا خەریكە كێشەیەكی
دیكە بەهۆی دەمامكەوە سەرهەڵدەدات، ئەویش فڕێدانی ئەو ژمارە زۆرەیە كە بە هۆكارێك
بۆ پیسبونی ژینگە دادەنرێت، بەڕای پسپۆڕەكان دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕزگاربوون لە
پاشماوەكانیان دابنرێت.
پسپۆڕانی زانكۆی
ساوسرن لە دانیمارك ئاشكرای دەكەن، هەر چركەیەك سێ ملیۆن دەمامك فڕێدەدرێت لە جیهاندا،
ئەوە كارەساتێكی ژینگەیی ڕاستەقینە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەوەی مەترسییەكانی دەمامكی
لەسەر ژینگە زیاتر كردووە بە بەراورد لە كیسى نایلۆن و پلاستیك، هەبونیەتی لەهەموو
شوێنێكدا و بەكارهێنانێتی لەلایەن هەموو كەسێكەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا هیچ ئالییەتێك
بۆ دووبارە بەكارهێناوە و ڕیسایكلین كردنی دانەنراوە.
بەپێی توێژینەوەیەك كە
زانكۆی ساوسرن دانیمارك ئەنجامیداوە، دەركەوتووە لە مانگێكدا (43) ملیار پارچە دەمامك
لە تەواوی جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت، ئەوەش چەند هێندەی ژمارەی بتڵە پلاستیكییە بەرهەمهێنراوەكانە.
پسپۆڕانی زانكۆ دانیماركییەكە
ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەو ژمارە زۆرەی دەمامك كە فڕێ دەدرێت قەیرانێكی گەورەیە بەرۆكی
جیهانی گرتووە و بە "بۆمبێكی ئامادە بۆ تەقینەوە" وەسفیانكردووە.
فڕێدانی ئەو دەمامكانە
بەڕێگایەكی نەگونجاو و نەشیاو دەبێتە هۆی شیبونەوەیان، ئەوەش مەترسییەكی زیاتر
دروست دەكات، چونكە پێشبینی دەكرێت هەڵگر و گوێزەرەوەی چەند ماددەیەكی كیمیایی بن
كە زیانیان بۆ ژینگە هەیە.
"ڕاپۆرتی جیاواز لەوبارەیەوە
بڵاودەكرێتەوە، سەبارەت بە شێوازە نادروستەكانی فڕێدانی دەمامك، بۆیە دەبێت هەمووان
لەوە تێبگەن كە هەڕەشەیە لەسەر ژینگە و ڕێگری بكرێت لەوەی ببێتە مەترسییەكی دیكە
هاوشێوەی پلاستیك" پسپۆڕەكانی زانكۆكە بەو شێوەیە هۆشداری دەدەن.
دەمامك لە چی دروست دەكرێت؟
دەمامك لە كۆمەڵێك
ماددەی پلاستیك و قوماش و لاستیكی و كانزایی دروست دەكرێت، ئەوەش وادەكات دووبارە
بەكارهێنانەوە و ڕیسایكلینكردنی زۆر قورس بێت.
بەشێوەیەكی گشتی قەیرانی
فڕێدانی دەمامك و كەرەستەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا لە جیهاندابووە بە كێشەیەكی گەورە،
بۆیە چەندین لایەن بیریان لەوە كردۆتەوە ڕێگاچارەیەك بدۆزرێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەكردن
لەگەڵ ئەو قەیرانەدا، بەڵام تائێستا هەوڵەكان سنوردارە و چڕنەكراوەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا
چالاكوانی هیندی بینیش دیسای كارگەیەكی بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو ماددانە دامەزراندووە
و (40) هەزار خشتی لەو پاشماوانە دروستكردووە، كە دەكرێت بۆ دروستكردنی خانوو بەكاربهێنرێت،
ڕۆژانەش لەتوانایدایە (15) هەزار خشت بەرهەم بهێنێت.
ماڵپەڕی (NDTV) كە میدیایەكی
ناوخۆیی هیندییە باسی لەوەكردووە، پاشماوەی ئەو ماددانەی تەنها لە هیندستان، (18)
هەزار تەنی تێپەڕاندووە ئەوەش تەنها لەماوەی مانگەكانی حوزەیران بۆ ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا.
ئامادەکردنى / هەکار
مەحمود
5057 جار خوێندراوەتەوە