چەند موشکێک لە ناوچەى سەوزى بەغدا کەوتنە خوارەوە

KNN : Kurdish News Network
07:46 - 22/02/2021
عێراق
+
-

دواى یەک هەفتە لەهێرشە موشەکیەکەى سەر شارى هەولێر، ناوچەى سەوزى بەغدا بە چەند موشەکێکى کاتیۆشا کرایە ئامانج.

میدیاکانى عێراق لە زارى سەرچاوەیەکى ئەمنیەوە بڵاویانکردەوە، چەند موشەکێکى کاتیۆشا لە ناوچەى سەوزى بەغدا کەوتونەتە خوارەوە.

بەوتەى سەرچاوەکە، دواى کەوتنەخوارەوەى موشەکەکان لە باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەبەغدا  زەنگى ئاگادارکردنەوە لێدراوە.

شانەى راگەیاندنى ئەمنى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقیش لە راگەیەنراوێکدا هەواڵەى پشتراست کردەوە و ئاشکرایکردوە، دوو موشەک لە ناوچەى سەوزى بەغدا کەوتونەتە خوارەوە.

شانەى راگەیاندنى ئەمنى ئاشکراشیکردوە کە رووداوەکە هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتوەتەوە و هێزە ئەمنیەکانیش رێوشوێنەکانیان بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى هێرشەکە دەستپێکردوە.

 

لاى خۆشیەوە لیوا تەحسین خەفاجى وتەبێژى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، موشەکەکان لە ناوچەى کەرادەى بەغداوە ئاراستەکراون.

ئەوە لەکاتێکدایە شەوى دووشەمەى رابردوو ژمارەیەک موشەک ئاراستەى فرۆکەخانەى هەولێر و چەند ناوچەیەکى دیکەى ئەوشارە کران کە بە هۆیەوە سێ کەس برینداربوون.

528 جار خوێندراوەتەوە