بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم

KNN : Kurdish News Network
04:56 - 22/02/2021
کوردستان
+
-

لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا، خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییەکان بەردەوام بێت، قەدەغەى هاتوچۆش راناگەیەنرێت.

 

هەڤاڵ ئەبوکر پارێزگاری سلێمانی بەشدار لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکە بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی راگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتیەی گشتی راناگەیەنرێت.

 

وتیشی، هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە، لە ژێر رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان مەرزەکان بەهەمان رێکارەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت.

 

هاوکات جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بریاڕیداوە کە پرۆسەى خوێندن لە خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکان وەک خۆى بەردەوام دەبێت و قەدەغەى هاتوچۆش راناگەیەنرێت، ئیدارەى پارێزگاکانیش بەرپرسن لەجێبەجێ کردنى رێنماییەکانى تایبەت بە کۆرۆنا.

راشیگەیاند، یادەکانى مانگى ئادار بەبێ گردبونەوەى جەماوەرى دەکرێنەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،رێزشوێنەکانى هاتوچۆ لەگەڵ پارێزگاکانى دیکەى عێراق توندتردەکرێت وتەنها رێگە بە شاندە دیبلۆماسیەکان دەدرێت بێنە ناوهەرێمى کوردستان، دەسەڵاتیش دراوەتە ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاکان بۆ رێکخستنى هاتوچۆى گەشتیاران.

2779 جار خوێندراوەتەوە