پلازماى خوێن، چارەسەرە نوێکەى هەڵوەرینى قژ

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 22/02/2021
تەندروستی
+
-

ماوەی چەند ساڵێكە چەندین چارەسەری نوێ دژی هەڵوەرین و روتانەوەی تاڵەكانی قژ بەردەستە، كە نوێترینیان دەرزی پلازمایە كە دەوڵەمەندە بە پەڕەكانی ناو خوێن و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پێستی سەر و تاڵەكانی قژ هەیە.

كێشەكانی قژ زۆر كەسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە و گرفتێكی زۆری بۆ دروستكردوون بەتایبەت ئەوانە قژیان تەنكە و بەردەوام دەڕوتێتەوە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی بواری پزیشكی جوانكاری، رزگاربوون لەو كێشەی تاڕادەیەك ئاسان بووە، بەتایبەت لەڕێی پلازمای خوێنەوە، ئەوەش بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (MSN) ئەڵمانی.

خۆرخی كاستانیدا كە پسپۆڕێكی شاری هامبۆرگە، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری تەندروستی پیاوان كە بڵاوكراوەیەكی ئەمریكییە دەڵێت "پلازما چەندین پەڕەی خوێنی تێدایە، هانی خانەكان دەدات بۆ نوێبونەوە و دەستخستنەوە و زیندوكردنەوەی ئەو پێكهاتانەی لەدەستیداوە"، باسی لەوەشكردووە بۆ چارەسەری هەڵوەرینی قژ تەنها پلازمای خوێن بەكاردێت، واتە بەشێك خوێنی دەوڵەمەند بە پەڕەكان وەردەگیرێت و لەڕێی دەرزی تایبەتەوە دەدرێت لە پێستی سەر، بە دیاریكراویش ئەو شوێنانەی قژی كەمی پێوەیە".

ئەو دەرزی پلازمایە خانەكان نوێدەكاتەوە و هانی گەشەی زیاتر دەدات، ئەوەش لەڕێی ئەو خانانەی دەوری ڕەگی قژیانداوە، بەو كردارە بڕێكی زۆرتر لە ماددە پێویستەكانی پێدەگات.

كاستانیدا، ئاماژەی بەوەشكردووە، جگە لەوە زۆر بە وردی دەرزییەكانی میزۆسیرابی بەكاردەهێنرێت، كە بەو چارەسەرە جوانكارییانە دەوترێت كە بێ نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت، تێیدا ڤیتامین و كانزاكان دەخرێنە بەشی ناوەڕاستی پێستەكەوە، تاوەكو بەئاسانی خۆراك و ماددەی پێویست بدات بەتاڵەكەم.

سەبارەت بە باشی و خراپی چارەسەرەكە، ئەو پسپۆڕە ئاشكرای دەكات، ئەمە باشترین نییە، چونكە ئەگەر كەسێك بۆ ماوەی چەند ساڵێك بێت ئەسڵەح بێت و قژی روتابێتەوە، پلازمای خوێن كاریگەری لەسەری نابێت، چونكە مەرجی سەرەكی بۆ پلازما بونی تاڵە قژەكەیە، واتە ئامرازەكانی گەشەكردن بونیان هەبێت، پلازماكەش جوڵەی خوێن ئاسان دەكات و ماددە ئەندامییەكان بۆ قژەكە دەگوازێتەوە و خانەكانی نوێدەكاتەوە.

ئەم رێگا چارەسەرە مەترسی نییە، بەڵام لەهەندێك حاڵەتدا زیانی لاوەكی دەبێت كە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، وەك برین و هەوكردن لە پێستی سەردا، ئەوەش پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات.

خۆرخی كاستانیدا دەشڵێت: ئەگەر كەسەكە پێشتر خۆی برین و هەوكردن نەخۆشی لە پێستی سەریدا هەبێت بەتایبەت نەخۆشی گواستراوە و كێشە لە مەینی خوێنیدا، باشترە چارەسەكە ئەنجام نەدات.

1950 جار خوێندراوەتەوە