كیم كارداشیان بەشێوەیەكی فەرمی داوای جیابونەوەی لە كانییە وێست دەكات

KNN : Kurdish News Network
01:38 - 20/02/2021
هەمەڕەنگ
+
-

ئەستێرەی تەلەفزیۆنی جیهانی كیم كارداشیان، بەشێوەیەكی فەرمی داوای جیابونەوە دەكات لەگەڵ كانییە وێست، ئەوەش دوای حەوت ساڵ هاوسەرگیری و بونی چوار منداڵ.

 
ماڵپەڕی  (TMZ) ئەمریكی كە گرنگی بە هەواڵ هونەرمەندان و كەسایەتییە ناسراوەكان دەدات، لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی لەوەكردووە، جیابونەوەكە بەشێوەیەكی ئاسایی و بەڕێكەوتن ئەنجام دەدرێت و كارداشیان داوای بەخێوكردنی هاوبەشی بۆ منداڵەكانیان كردووە.

 

هەر بەپێی سەرچاوەیەكی دادگەری، ئەو خانمە ئەستێرەیە ڕۆژی هەینی بەشێوەیەكی فەرمی دۆسیەی جیابونەوەكەی پێشكەشكردووە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە نیازی جیابونەوەیان لە لایەن میدیاكانەوە.

 

وێست و كارداشیان ساڵی 2014 دوای چەند ساڵێك خۆشەویستی پێكەوە ژیان، چونە پرۆسەی هاوسەرگیریییەوە و بونە خاوەنی دوو كچ و دوو كوڕ كە بریتین لە نۆرسی كچە گەورەیان تەمەنی حەوت ساڵە، ساینتی كوڕیان پێنج ساڵ، هەروەها شیكاگۆ كە كچە و تەمەنی  سێ ساڵ، منداڵە بچوكەكەشیان كوڕێكە بەناوی سالم تەمەنی ساڵ و نیوێكە.

 

بەپێی سەرچاوەكان پەیوەندی هاوسەرگیری ئەو دوو ئەستێرەیە ماوەیەكە تەواوبووە و ساڵی ڕابردوو جیا لەیەكتر ژیاون، بەجۆرێك وێست زۆرینەی كاتەكانی لە كێڵگەكەی لە وایۆمینگ بەسەر بردووە كە نرخەكەی بە 14 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

لەئێستاشدا ئەوان گفتۆگۆ لەسەر دابەشكردنی داهاتەكانیان دەكەن، پێشبینی دەكرێت جیابونەوەكە بڕێكی زۆر پارەی تێدا یەكلا بكرێتەوە و سامانێكی زۆری تێدا دابەش بكرێت، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندی هەردووكیان و ئەو بڕە پارە زۆری هەیانە، هەر ئەوەش وایكردووە بەشێكی میدیاكان بە جیابونەوەی سەدە ناوی ببەن.

 

بەپێی زانیارییەكان ئەو سامانەی كانییە لە گۆرانی وتن و كاری دیكە وەك پێڵاو و جلوبەرگ دەستی كەوتووە زیاتر لە 1.3 ملیار دۆلارە، بەوەش بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین هونەرمەندەكانی جیهان دادەنرێت، هاوكات سامانی كیم زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە، ڕیكلامەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستەگرام بە پڕ بینەرترین دادەنرێت و بۆ هەریەكێك 1.2 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت.

 

ئەمە سێهەم جیابونەوەی كیم كارداشیانە، پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ یایزانی باسكەی جیهانی كریس هامفرێز و بەرهەمهێنەری مۆسیقی دامۆن تۆماس ئەنجامدابوو.

373 جار خوێندراوەتەوە