جیهان لەبەردەم کۆتایى کۆرۆنادا

KNN : Kurdish News Network
01:20 - 07/02/2021
تەندروستی
+
-

ڕاپۆرتێكی نوێی ماڵپەڕی ئەكسیۆس ئاشكرای دەكات، ڕێژەی توشبوون و مردن بە نەخۆشی كۆڤید 19 لەسەر ئاستی جیهان لە دابەزینی بەردەوامدایە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەمە بۆ یەكەمجارە لە یەك كاتی دیاریكراودا و لەسەرجەم وڵاتانی جیهان، ئەو ڕێژەیە لە دابەزین لە ژمارەی توشبووان و مردن تۆمار بكرێت، بەجۆرێك پێشتر ئەگەر لە چەند وڵاتێك ڕێژەكە كەمبوایەتەوە، لە بەشێكی دیكەی وڵاتان بەرەو هەڵكشان دەچوو.

بەپێی ئامارەكان هەفتەی ڕابردوو ژمارەی توشبووان بەڕێژەی (16%) دابەزیووە، لەئێستاشدا دۆخەكە باشتربووە و دابەزینەكە بەردەوامە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە كاتی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە ڕێژەی توشبوون و مردن تا كۆتایی مانگی كانونی دووەمی ڕابردووش لە هەڵكشانێكی مەترسیداربووە، بەجۆرێك لە ئەمریكا و لە ڕۆژێكدا زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی مردن تۆماركراوە، ئەمە جگە لە سەدان هەزار حاڵەتی توشبوونی ڕۆژانە.

ئەم كەمبونەوەیە لە كاتێكدایە ڕێژەی كوتان بەو چەند جۆرە ڤاكسینەی دژی كۆرۆنا دروستكراوە لە زیادبوندایە، پێشتریش زاناكان پێشبینیان كردبوو دوای مانگێك لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی كوتان، ئاماژەی دڵخۆشكەر بەدی بكرێت و ڕێژەی قوربانیان كەمبێتەوە.

تائێستا دیارترین ئەو ڤاكسینانەی دروستكراون بریتین لە (ڤایزەر، مۆدێرنا و ئەسترازینیكا) لەگەڵ دوو دەرزی چینی و پێكوتەیەكی ڕوسی.

نوێترین هەواڵ لەبارەی دروستكردنی ڤاكسینی نوێوە ئەوەیە، كۆمپانیای جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن كە تایبەتە بە دروستكردنی دەرمان داوای مۆڵەتی بەپەلەی لە كارگێڕی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی كردووە، تاوەكو ئەو چارەسەرەی دروستیان كردووە بیخەنە بازاڕەوە.

لەگەڵ ئەو ئاماژە دڵخۆشكەرانە، بەڵام ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی ئەكسیۆس مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی زنجیرە و جۆری نوێی كۆرۆنای نەشاردۆتەوە كە لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا و چەند ناوچەیەكی دیكە دەركەوتوون.

بەڵام لەڕووی زانستییەوە بەكارهێنانی ڤاكسینەكان و فراوانكردنی هەڵمەتەكانی كوتان بە تایبەت لە وڵاتە هەژارەكان، مەترسی جۆر و زنجیرە نوێكانیش كەمدەكاتەوە، چونكە باس لەوە دەكرێت بەشێكی ئەو چارەسەرانەی دروستكراون دژی جۆرە نوێكەن، هەروەها دەشتوانرێت بە ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی كەم لە دەرمانەكەدا؛ ڤاکسینەکە چالاكتر بكرێت دژی ئەو زنجیرە نوێیەی كۆرۆنا.

1158 جار خوێندراوەتەوە