کامپى هۆڵ؛ ژنانى داعش بەبێ پیاوەکانیان منداڵ دەخەنەوە و دەڵێن دیارى خودایە

KNN : Kurdish News Network
10:44 - 14/01/2021
کوردستان
+
-

سەرەڕاى ئەوەى ماوەى زیاتر لە دوساڵە لە کامپى هۆڵ ژنانى داعش لە پیاوەکانیان جیاکراونەتەوە، بەڵام منداڵى خوار تەمەن یەکساڵ بە باوەشیانەوە دەبینرێت و دەڵێن: دیارى خودایە و ئێمە لێرە خەلافەت دروست دەکەین.

کامپى هۆڵ لە رۆژئاواى کوردستان کە خێزانى چەکدار و ئەندامانى داعش بەشێکن لە نیشتەجێبوانى ئەو کامپە، لە ئێستادا  دیاردەى منداڵى خوار تەمەن یەکساڵ لەو کامپە دەبینرێت لە کاتێکدا نزیکەى دوو ساڵە ژنەکان لەو کامپەدا نیشتەجێکراون و پیاوەکانیان لێ دورخراونەتەوە.

ئاژانسى (هاوار نیوز) لە راپۆرتێکدا بڵاوى کردۆتەوە کاتێک سەردانى بەشى خێزانى چەکدارە داعشەکانى کامپى هۆڵ دەکەیت بتەوێت یان نەتەوێ شتێک سەرنجت رادەکێشێت ئەویش ئەوەیە منداڵى خوار تەمەن یەک ساڵى دەبینرێت بە باوەشى ژنى چەکدارانى داعشەوە، لە کاتێکدا ئەو ژنانەنە ماوەى دوو ساڵە لە پیاوەکانیان جیاکراونەتەوە و لەو کامپە نیشتەجێن ئەوەش جێگاى پرسیارە.

لە بەشێکى راپۆرتەکە پرسیار لە ژنێکى چەکدارانى داعش کراوە لە بارەى ئەوەى ئەو منداڵە خوار تەمەن یەکساڵە چیە بە باوەشییەوە لە کاتێکدا دو ساڵە پیاوەکان لێرە نین، لە وەڵامدا ژنەکە وتویەتى:" ئەمە دیارى خودایە بۆ ئێمە، ئێوە هیچ مافێکتان لەسەرمان نیە و ئێمە دەوڵەتى خۆمان دروست ".

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشى تایبەتى کاروبارى ژنان لە کامپەکە ئاشکرایکردوە، بەر لە چەند رۆژێک پێنج گەنجى تەمەن (15 بۆ 16) ساڵ سەردانى بەشەکەیان کردووە و داوایان کردووە لە بەشى ژنانى کامپەکە بگوازرێنەوە و لەوێ نەمێنن.

ئەو گەنجانە ئەوەشیان درکاندووە، ژنانى داعش ئەوان ناچار دەکەن بەوە هاوسەرگیریان لەگەڵ بکەن بەمەبەستى زیادکردنى ژمارەى منداڵەکانیان.

کامپى هۆڵ، (45) کیلۆمەتر دورە لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان کە لە (نۆ) بەش پێکهاتووە و لە هەشت بەشى کامپەکە پەنابەر و کۆچبەرانى عیراقى و سورى تێدان، بەشێکى کامپەکەش تایبەتکراوە بە خێزانانى چەکدارانى داعش، لەو بەشەش (2625) خێزانى داعشى تێدایە کە ژمارەیان (8965) کەسن لە هەمان کاتدا لەگەڵ ژنەکان منداڵانى چەکدارانى داعش لەو بەشەن کە تەمەنیان لە (1 تا 16) ساڵییە.



3607 جار خوێندراوەتەوە