لە سبەینێوە باران بارین دەستپێدەکات

KNN : Kurdish News Network
07:20 - 13/01/2021
کوردستان

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ دوو شەپۆلى باران و بەفر هەرێمى کوردستان و ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، دەشڵێت: لە سبەینێوە باران بارین دەستپێدەکات.

 بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم رایگەیاند: هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری درێژبوونەوەى دوو شەپۆلى باران بارین کە شەپۆلى یەکەم، لە رۆژی پێنج شەممە دەست پێ دەکات تاوەکو رۆژی هەینى بەردەوام دەبێت و لە ماوەی
 ئەم دوو رۆژە باران بارین لە تەواوى ناوچەکانى هەرێم دەبارێت.

دەشڵێت:  ئاستى باران بارین مامناوەند دەبێت و بڕی بارانى پێشبینیکراو لە ماوەى ئەم شەپۆلە لە سەنتەرى پارێزگاکان لە نێوان (8 - 15) ملم دەبێت ولە سەنتەرى قەزاو ناحیەکانی ناوچە شاخاویەکان لە سەروى (10- 22)ملم دەبێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە شەوى پێنج شەممە لە سەر هەینى بەفر بارین لە ناوچە شاخاویە سنورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبێت, رۆژی هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى ئێوارەدا کۆتایی دێت.

لەبارەى شەپۆلى دوەمەوە کەشناسى باسى لەوەکردوە، لە ماوەى نێوان ئێوارەى رۆژی یەکشەممەى تا ئێوارەى رۆژی سێشەممە، لەم ماوەیەدا باران بارین لە زۆربەى ناوچەکان دەست پێدەکات و لەگەڵیدا بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەوروپاوە کار دەکاتە سەر ناوچەکە و پلەکانى گەرما بەڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزێت و کاریگەرى ئەو شەپۆلەش تا ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە سەر بەلاوازى دەمێنێتەوە.

843 جار خوێندراوەتەوە