گرنگترین ئەو ڕووداوانەی لەساڵى (2021) ڕوودەدەن

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 01/01/2021
ڕاپۆرت
+
-

پێشبینی دەكرێت ساڵی (2021) چەندین ڕووداوی گەورەی زانستی تێدا ڕووبدات كە ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت، بەتایبەت دوای ئەو گرنگییەی زۆرەی بەداهێنانەكانی ئەو بوارە دەدرێت لای تەواوی خەڵكی، ئەوەش دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەرییەكانی لەسەر تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری نیچەری زانستی، ڤاكسینەكانی كۆرۆنا و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری بۆ چەند نەخۆشی كێشەیەكی تەندروستی لەنێوانیاندا زەهایمەر، لەدیارترین بابەت و ڕووداوە زانستییەكانی(2021) دەبێت.

 

گۆڕانكاری كەش و هەوا

ساڵی نوێ چەندین چالاكی تایبەت بە گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوای تێدا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی فەرمی پۆستەكەی وەردەگرێت.
زاناكان چاوەڕوانی بەدیهاتنی ئامانجەكانی سەرۆكی نوێی ئەمریكان، بۆ كەمكردنەوەی گازە دەردراوەكان و گەرمبونی زەوی، ئەویش لەنێوان ساڵانی( 2050_2060)، هاوشێوەی چەند وڵاتێكی دیكە كە پلانی تایبەتیان بۆ داناوە.

سەرچاوەی كۆرۆنا
هەروەها لە ساڵی (2021) گروپێكی تایبەتی زانایانی سەر بە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، دەچنە شاری وهانی چین، ئەو ناوچەیەی بۆ یەكەمجار كۆرۆنای لێدەركەوت تاوەكو سەرچاوەی سەرەكی ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكەن.

 


ڤاكسینەكانی كۆرۆنا

هەرچەندە چەند كۆمپانیایەكی تایبەت ڤاكسینی كۆرۆنایان دۆزیوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ڕووداوە گەورەكە و كاریگەرییەكانی ڤاكسینەكان لە ساڵی نوێدا دەربكەوێت، ئەمە جگە لەوەی بەدڵنیاییەوە چەند ڤاكسین و چارەسەرێكی دیكە دەدۆزرێتەوە.

 

بڵاوكراوە زانستییەكان

زاناكان بەتایبەت (20) دامەزراوەی تایبەتی لێكۆڵینەوەكان، پلانی ئەوەیان هەیە لەگەڵ هاتنی ساڵی (2021) چەندین توێژینەوە و بڵاوكراوەی زانستی نوێ ئەنجام بدەن، تاوەكو بابەتی تازە بچێتە ناو هەگبەی بابەتە زانستییەكانەوە.

 

چارەسەری زەهایمەر

لەئەمریكا پێشبینی ئەوە دەكرێت چارەسەری نەخۆشی زەهایمەر بدۆزرێتەوە، بەڵام تائێستا دیارنییە ئەو چارەسەرە دژە تەنی پرۆتینی مێشكی تێدا دەبێت یاخود نا، بەوپێیەی تائێستا دەرنەكەوتووە ئەو دژە تەنانە چارەسەری زەهایمەر دەكەن یاخود كاریگەریان نابێت.
ئەگەر چارەسەرەكە بدۆزرێتەوە ئەوە بابەتێكی زۆر گەورە و گرنگ دەبێت، چونكە ئەوانەی لەئێستادا بۆ نەخۆشییەكە بەكاردێت تەنها نیشانەكانی كەمدەكاتەوە و بەتەواوی لەناوی نابات یاخود لە ڕادەیەكدا نایوەستێنێت.

 

مەریخ

پێشبینی دەكرێت چەندین زانیاری نوێ لەبارەی هەسارەی مەریخەوە ئاشكرا بكرێت، بەوپێیەى چەند گەشتێكی زانستی لە ئەمریكا و چینەوە بۆ لێكۆڵینەوە ئەنجام دەدرێت، كە بەیەكەم گەشتی نزیك لە هەسارەكە دادەنرێت.

 


تەلسكۆبێكی گەورە

مانگی تشرینی یەكەمی(2021) تەلسكۆبی جیمس وێب كە بڕی(8.8)ملیار دۆلاری تێچووە، ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكرێت، ناسا باسی لەوە كردووە كە ئەوە گەورەترینە كە تائێستا دروستكراوە.

 


شەپۆلەكانی كێشكردن

زاناكان پێشبینی ئەوە دەكەن لە ساڵی (2021) ڕێگەیەكی نوێ بۆ ئاشكراكردنی شەپۆلەكانی كێشكردن لە بۆشایی ئاسمان بدۆزنەوە، ئەویش لەڕێگەی ئەستێرە نیترۆنییەكانەوە.

 

برێكزت و توێژینەوەی زانستی

چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، كاریگەری لەسەر توێژینەوە زانستییەكان دەبێت، پێشبینی دەكرێت بەشێكیان بوەستن و ئەنجامی كۆتایی و یەكلاكەرەوە نادەن بەدەستەوە.

965 جار خوێندراوەتەوە