لەناوەڕاستی شارێكی وێران و لەنێو بیروەرییەكانی جەنگ، كچە كوردێكی موسڵمان
جلی بابا نوێلی لەبەركردووە و بەنێو كۆڵانەكانی موسڵی كۆندا دەسوڕێتەوە، دەیەوێت لەگەڵ
نزیكبونەوەی ساڵی نوێدا دڵی منداڵان خۆش بكات.
شەیما عەباسی كچە چالاكوانێكی كوردە، بەسواری پاسكیلەكەی بەنێو باڵەخانە و
ماڵەكانی موسڵدا دەگەڕێت كە بەشێكیان جەنگ وێران و خاپوری كردوون، لەو گەڕانەشدا گۆرانی
بۆ منداڵان دەڵێت و دیارییان بەسەردا دابەش دەكات.
ئەوەى جێگەی سەرنجە و ئەو كچەی دڵخۆش كردووە، بەشێكی منداڵەكان بە ماما نوێل
بانگی دەكەن.
شەیمای تەمەن (23) ساڵ بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "دیاری سادە دابەش دەكەم
و منداڵان دڵخۆش دەكەم، ئەوان زۆر پێویستیان بەوەیە، چونكە هاتنی داعش و جەنگ و قەیران
و فشارە جۆراوجۆرەكان، كاریگەری زۆری لەسەر دەرونیان جێهێشتووە".
ئەو كچە باسی لەوە كردووە، خۆشی لە منداڵیدا هەمان ئەو ئازارانەی چەشتووە كە
منداڵانی ئێستا هەستی پێدەكەن.
"من كاتێك دێم و ئەو هەموو وێرانكاری و
بۆردومان و كەشە ناخۆشە دەبینم، لەڕووی دەرونییەوە ماندو دەبم، بەڵام هەمیشە هەوڵدەدەم
بەهێزبم، لەپێناو ئەو منداڵانەدا، من بۆ دڵخۆشكردنی ئەوان هەڵ دەدەم و لێیان تێدەگەم
كە هەست بە چی دەكەن چونكە هەمان ئە دۆخەی ئەوانم بینیوە". ماما نوێلە كوردەكە
وادەڵێت.
شەیما عەباسی ئاماژەی بەوەش كردووە، كاتێك بەو شارە وێنەدا تێپەڕ دەبێت بۆ
دابەشكردنی دیارییەكان بەزۆر خۆی دەگرێت.
تیما غانم كچە منداڵێكە و دەڵێت "ئێمە لە موسڵی كۆنین و ماما نویڵ
هاتووە سەردانی كردوین، پێویست ناكات بەو بڵێین بابانوێل، لەگەڵ هاتنی پێشبڕكێی زۆر
بۆ سازكردوین، بەشێكی زۆری منداڵەكان بردویانەتەوە و دیارییان وەرگرتووە، بۆیە حەز
دەكەم هەموو ساڵێك بێت و لەم شوێنە دڵخۆشمان بكات".
عەلا غانم كە باوكی چەند منداڵێكە ئاماژە بەوە دەكات "ئێمەلە ناوچەی
موسڵی كۆن پێویستییەكی زۆرمان بەو جۆرە چالاكییانە هەیە، چونكە منداڵەكانمان جەنگ
و وێرانەیەكی زۆریان بینیوە كە دەرونی ماندوو كردون، كاریگەری خراپی لەسەریان هەبووە،
ئەوان پێویستیان بە كەسێكە دڵخۆشی و ژیانیان بۆ بگەڕێنێتەوە".
ئەو باوكە باسی لەوەشكردووە كاتێك شەیمای بینیوە هەستی كردووە لەناو ئەو وێرانەیەدا
ژیان و جوانی و دڵخۆشی هەیە.
ئەو كچە كوردە سەبارەت بە قسەی منداڵەكان لەكاتی چالاكییەكاندا دەڵێت
" لەبارەی زۆر شتەوە قسە دەكەین، دەمەوێت زیاتر هۆشیاریان بكەمەوە زۆرتریش تیشك
دەخەمە سەر كۆرۆنا، هەروەها باسی خۆمیان بۆ دەكەم و لەبەردەمیاندا دەمامك دەبەستم
و دەستم خاوێن دەكەمەوە، هەروەها دوری نێوانمان دەپارێزین".
ئەمە یەكەم كاری شەیما نییە، بەڵكو دوای جەنگی داعش چەند چالاكییەكی دیكەی
ئەنجامداوە، لەوانە پێشكەشكردنی شانۆگەری منداڵان بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەیان، هەروەها
نمایشی سەما و هەڵپەڕێكێ، لەگەڵ پێشكەشكردنی ڕێنمایی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا
و كاریگەرییەكانی نەخۆشی كۆڤید 19 لەسەر تەندروستی.
626 جار خوێندراوەتەوە