ڤاكسینی كۆرۆنا چ كاریگەرییەکی لەسەر ئەو کەسانە هەیە كە جوانكارییان كردووە؟

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 26/12/2020
تەندروستی
+
-

دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی كە ناسراوە بە (FDA) ئاشكرای دەكات، پێكوتەكەی كۆمپانیای مۆدێرنا كە دژی توشبوونە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەند كاریگەرییەكی لاوەكی لەسەر ئەو كەسانە هەیە كە جوانكاریان لە ڕوخساریاندا ئەنجامداوە.

 

بەپێی لێدوانی لیژنەی ڕاوێژكاری سەر بە (FDA)، بەشێكی ئەو كەسانەی بەشداری تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینەكەی مۆدێرنایان كردووە و جوانكاریان ئەنجامداوە بە دیاریكراویش فیلەریان بۆ بەشەكانی ڕوخساریان كردووە، كاریگەریی لاوەكیان لەسەر دەركەوتووە وەك هەوكردن و هەڵئاوسان.

 

شێرلی چی كە پزیشكی پسپۆڕی پێستە و ئەندامی لیژنەكەیە بە كەناڵی (abc7) ڕاگەیاندووە "هەموو ئەو نەخۆشانەی فیلەریان كردووە، ئەو بەشەی ڕوخساریان كە جوانكارییەكەیان بۆ كردووە، توشی هەڵئاوسان و هەوكردن بووە دوای بەكارهێنانی ڤاكسینەكە".

 

چی باسی لەوە كردووە بەرگری لەش هۆكاری ئەو هەوكردنەیە، بەجۆرێك كاتێك پەلە دەكرێت لە بەركاهێنانی پێكوتەكە كاریگەرییەكەی بەو شێوەیە دەبێت، چونكە كۆئەندامی بەرگری فیلەرەكەش بەشتێكی ناسروشتی ناو لەش دەناسێت و وەڵامدانەوەی بۆی دەبێت.

 

 

ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش كردووە، ئەوە كاریگەرییە لاوەكییە شتێكی گەورە نییە و بە ئاسانی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە چارەسەر دەكرێت.

 

 

"ئەو كاریگەرییە نابێتە ڕێگر لە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە بۆ ئەو كەسانەی فیلەریان كردووە" شێرلی چی وادەڵێت.

 

 

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، لەماوەیەكی كەمدا 20 ملیۆن ڤاكسینی مۆدێرنا دابەش دەكەن، بەڵێنی ئەوەشیداوە گەلی ئەمریكا بەشێوەیەكی یەكسان چارەسەرەكەیان پێدەدرێت.

 

پەنتاگۆن ئەوەشی ئاشكراكردووە چارەسەرەكەی مۆدێرنا هەڵگرتنی ئاسانترە و دەتوانرێت لە پلەیەكی گەرمی بەرزتردا دابنرێت بەراورد بە چارەسەرەكانی دیكە.

 

 

دەرمانەكەی كۆمپانیای مۆدێرنا دووەم چارەسەرە كە لە ئەمریكا مۆڵەتی بەكارهێنانی پێدەدرێت دوای ئەوەی كۆمپانیای فایزەر/بایۆتیك و لەڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە هەڵمەتێكی فراوانی بەكارهێنانی دەستی پێكردووە.

 

بەڕای زاناكانی ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێت 70% هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بكوترێن، كە دەكاتە زیاتر لە 230 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی.

1335 جار خوێندراوەتەوە