لەیەكەم ڕۆژی دۆزینەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیوە، زاناكان لەهەوڵی ئاشكراكردنی پەیوەندی نێوان ڤایرۆسەكە و جگەرەكێشاندان، بەوپێیەی هەردوكیان بە دەرچەی كۆئەندامی هەناسەدان و بۆرییەكانیدا تێپەڕدەبن.
چەند پسپۆڕێكی زانكۆی كالیفۆڕنیا لەشاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریكا پەیوەندییەكی ناڕاستەوخۆیان لەنێوان جگەرە و پەتاكەدا دۆزیوەتەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە، كاتێك دوكەڵی جگەرە بەر بۆرییەكانی هەوا دەكەوێت، ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا و گرتنە خۆی ڤایرۆسەكە زیاتر دەبێت.
توێژەرەكان نمونەی خانەیان لە بۆری هەوای پێنج كەس وەرگرتووە، كە توشبووی كۆرۆنا نەبوون، دواتر لە تاقیگەدا دوكەڵی جگەرە كراوە بەسەر بەشێكی ئەو خانانەدا، پاشان ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوە بەسەر سەرجەمی خانەكاندا.
دوای ئەنجامدانی بەراوردكاری دەركەوتووە ئەو خانانەی دوكەڵی جگەرەیان بەسەردا كراوە، دوو بۆ سێ هێندە ئەگەری توشبوونیان بە كۆرۆنا زیاتر بووە كاتێك ڤایرۆسەكەیان كراوە بەسەردا.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوەكردووە، بەپێی ئەنجامی چەند پشكنینێك كە بۆ كەسانی جگەرەكێش كراوە دەركەوتووە دوكەڵی جگەرە بەرگری لەشیانی بەرامبەر ڤایرۆسەكە كەمكردۆتەوە.
بریجیت گۆمبێرت یەكێكە لە بەشداربووەكانی توێژینەوەكە و بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "دەرچەكانی هەوا وەك دیوارێكی بەرز وایە كە قەڵایەك دەپارێزێت، بەڵام جگەرەكێشان چەندین كون و درز دەكاتە ئەو دیوارانە لەوێشەوە ڤایرۆسەكە دەچێتە لەشەوە".
ئەو توێژەرە باسی لەوەشكردووە جگەرە بەرگری سروشتی كەمدەكاتەوە ئەوەش ڕێگە بە ڤایرۆسەكە دەدات بچێتە لەشەوە و بەسەر خانەكانیدا زاڵبێت.
15161 جار خوێندراوەتەوە