حکومەتى هەرێم بەفەرمى داواى موچەى چوار مانگ لە بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 25/11/2020
کوردستان

لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە نامەیەکی فەرمی داوای بەشە بودجەی چوار مانگ لە عێراق بکات، دەشڵێت، ئەو بەشە بودجەیە پەیوەندیی بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییەوە نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێى راگەیەنراوى ئەنجومەنى وەزیرانیش لە کۆبونەوەکەدا، دوا پێشهاتەکانی رێڕەوی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی (2020) لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان .

باس لەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە و بەردەوامیش دەبن لە گفتوگۆ.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە حکومەتى هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات . وتیشى: دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە .

ئەوەش رونکراوەتەوە، هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی (پێنج و شەش و حەوت و دە)ی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی (2020 )ەوە نییە .

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت دەکات کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان  ، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی.

هاوکات، حکومەتى هەرێم داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن، لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ( دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان )ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد .

لەبارەى پرسى لامەرکەزیەتیشەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوەتەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان .

4985 جار خوێندراوەتەوە