وێنە؛ کۆبونەوەی رێکخەری گشتی وخانەی راپەڕاندن، لەگەڵ تیمی وزاری گۆڕان لە حکومەت

KNN : Kurdish News Network
05:27 - 21/11/2020
کوردستان
+
-

رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن و تیمى وزارى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە، ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنیش دەڵێت:"لە کۆبونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەداى حکومەت کرا و بارى سەنجى خەڵک و خۆشمان بە راپۆرتێک دەدەینى تیمى گۆڕان لە حکومەت".

ئەمڕۆ شەممە (21/11/2020)، کۆبونەوەى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن و تیمى گۆڕان لە حکومەت لە مەکۆى سەرەکى بەڕێوەچو.

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە بارەى کۆبونەوەکەوە بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)N راگەیاند؛ئەوە کۆبونەوەیەکى دەورییە هەر چەند مانگ جارێک خانەى راپەڕاندن و تیمى حکومەت کۆدەبینەوە، کە تێیدا هەڵسەنگاندنى ئێمە بۆ ئەوان و ئەوانیش چالاکى و وردکردنەوەى ئەو پڕۆژانەى هەیانە تاوتوێکران و تیشک خرایە سەر کەموکورتییەکان".

ئاماژەى بەوەش کرد کە بەشێکى کۆبونەوەکە تایبەتبوە بە کاروبارەکانى حکومەت بەتایبەت بابەتى چاکسازى و پێکهێنانى ئەنجومەنى باڵاى چاکسازى و ئەو پلان و بەرنامانەى بەپێى رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەریان رێککەوتون بۆئەوەى "کارا بکرێن بە ئامانجى جێبەجێکردنیان".

وتیشى:"بارى سەرنجى خەڵک و هەڵسوڕاوەکانمان و خۆشمان لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دەدەینە تیمى حکومەت، بە سەرۆکى تیمى حکومەت و وەزیرەکانمان و بریکارى وەزارەتەکان، بەنیازیشین لە داهاتودا کۆبونەوەیەکى فراوانتر بکەین کە هەمو تیمى حکومەت بە راویژکارەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بەشداربن، بەهەمان شێوە کۆبونەوەیەکى دیکەى تیمى حکومەتى خۆجێیش لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى و قائیمقام و بەڕیوەبەرى ناحییەکان ئەنجام دەدەین".

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

 

815 جار خوێندراوەتەوە