دواى ئەنجامدانى لێپرسینەوەیەک لەو سەربازە ئۆستڕالیانەى کە بۆ ئەفغانستان
نێردرابون، دەرکەوتوە کە (39) هاوڵاتى مەدەنى ئەفغانى بەدەستى ئەو سەربازانە
کوژراون. جەنەڕاڵێکى سوپاى ئوسترالیاش دەڵێت: دەبێت کەسوکارى قوربانییەکان
قەرەبوبکرێنەوە.
جەنەڕاڵ ئەنگوس کامبێل، سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئوسترالیا رایگەیاند:
لێپرسینەوەیەک ئەنجامدراوە لەسەر تاوانى جەنگى سەربازانى وڵاتەکەمان لە ئەفغانستان
لە نێوان ساڵانى (2005 بۆ 2016) و بۆمان ئاشکرابوە کە لەو ماوەیەدا (39) هاوڵاتى
مەدەنى ئەفغانى لەلایەن سەربازانى سوپاکەمانەوە کوژراون.
وتیشى:" ئەمە شەرمەزارییە بۆمان و بەناوى سوپاى ئوسترالیاوە داواى
لێبوردن لە ئەفغانییەکان دەکەین".
لاى خۆیەوە، پۆل بریرى تۆن، جەنەڕاڵ لە سوپاى ئوسترالیا، کە یەکێکە لەو
کەسانەى ئەو راپۆرتەى ئامادەکردوە و تاوانەکەى ئاشکراکردوە، وتویەتى "دەبێت
کەسوکارى ئەو (39) قوربانییە لەلایەن حکومەتى ئوسترالیاوە قەرەبوبکرێنەوە".
تۆن ئاشکرایکردوە، بۆ ئامادەکردنى ئەو راپۆرتەو گەیشتن بەو راستیانە،
چاوپێکەوتن (423) کەس لە هاوڵاتى ئەفغانى و سەربازى ئوسترالى کراوە و لێکۆڵینەوە
لە (20) هەزار بەڵگە و (25) هەزار دیمەنى ڤیدیۆى کراوە.
لەئێستادا تەنها (400) سەربازى ئوسترالى لە وڵاتى ئەفغانستان ماون و وەک
هێزى ئاشتى پارێز لەو وڵاتە رۆڵ دەبینن.
518 جار خوێندراوەتەوە