وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین درێژکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
06:39 - 24/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی (زانکۆلاین) بۆ 48 کاتژمێری دیکە درێژبکاتەوە و ئاشکراشی دەکات، تاوەکو ئێستا 70٪ی دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان پێشکەش کردووە.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بەو دەرچووانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە تاوەکو ئێستا فۆڕمەکانیان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەکە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی ڕۆژی شەممە (26ی ئەیلولی 2026) درێژبکرێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەرچووانەی بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، دەتوانن لە ئێستادا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، هاوکات دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن لەو 48 کاتژمێرەدا فۆڕمەکانیان تەواو بکەن.

 

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە هۆشداری دەداتە دەرچووان کە ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، بۆیە داوا دەکات لەو ماوەیەدا پەلە بکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان.

118 جار خوێندراوەتەوە