لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وامان ئەزانی کۆڕۆنا تەنها
کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو دەکات، بەڵام ئێستا وا دیار نیە، رۆژانە نەخۆشی
گەنج گیرۆدەی پەتاکە دەبن و بەداخەوە هەندێکیان گیان لەدەست دەدەن.
گرنگترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچونی تەندروستی گەنجان و گیان
لەدەستدانیان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە بریتین لە:
یەک- هەندێک لەو نەخۆشە گەنجانە خۆیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو
شەکرە و زەخت و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەکان بەمەش نەخۆشیەکەیان لەسەر قورستر دەبێت.
دو- سترێس و دڵەڕاوکێ و تۆقین لە کۆڕۆنا هۆکارێکی زۆر دیارە لە
گەنجان، چونکە سترێس هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاددەکات کە بەرگری لەش دادەبەزێنێ، ترسی
لەڕادەبەدەر خوێن خەست ئەکاتەوە و رێژەی دی دایمەر (D DIMER) لە خوێندا زیاددەکات کە مەترسی جەڵتەی سییەکان زیاد دەکات، هەروەها
هەموو کەسێک کاتێک زۆر ئەترسێ شپرزه ئەبێ و هەناسەی زۆر توند ئەبێ و جەستەی
هاوکاری ناکات بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرە دەرمانیەکان.
سێ- زۆرێک لەو گەنجانە دوای تووشبونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان
فەرامۆش دەکەن و درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە بەمەش هەوکردنەکە زیاتر تەشەنە دەکات و
ئیتر سوود لە پلازما و چارەسەرە تایبەتەکانی کۆڕۆنا نابینن.
چوار- دەستنیشان کردنی هەڵە ( ئەمە گرانەتایە یان پەتای وەرزیە! )
و هەروەها وەرگرتنی چارەسەری هەڵە لە رێگای سۆشیاڵ میدیاوە بۆ کۆڕۆنا هۆکارێکی تری
خراپ بوونی تەندروستی ئەو کەسانەیە، چونکە هەموو نەخۆشێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و
لە کەسێکی تر ناچێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
پێنج- پڕبونی نەخۆشخانە حکومییەکان و نەمانی شوێن لە بەشی چاودێری
وورد هۆکارێکی گرنگە کە ناتوانین ژیانی گەنجان رزگار بکەین.
شەش- هۆکاری بۆماوەیی لەوانەیە رۆڵی هەبێ لە قورسبوونی حاڵەتەکە
لەسەر هەندێ گەنج، تێبینی ئەوە کراوە هەندێ جار هەموو ئەندامانی یەک خێزان بە
قورسی نەخۆشیەکە ئەگرن و خێزانێکی تر بەسووکی نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن.
"بە ئومێدی تەندروستیەکی باش بۆ هەموو لایەک"
د.داهات حەوێزی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە کۆڕۆنا.
7216 جار خوێندراوەتەوە