ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هێرشەكەی بۆ سەر جیهان بەردەوامە،
تائێستا چارەسەر یاخود ئامڕازێك بۆ روبەڕوبونەوەی نەدۆزراوەتەوە؛ جگە لە رێنماییە
خۆپارێزیەکان، رۆژانەش ژمارەی توشبووانی لە هەڵكشاندایە، ئەوەش وایكردووە چەندین
پرسیار و نهێنی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بێ وەڵام بمێننەوە.
لەچوارچێوەی گەشتی گەڕان بەدوای نهێنییەكانی
كۆڤید 19، توێژینەوەیەك ئاشكرای دەكات ڤایرۆسەكە زرنگانەوەی گوێ زیاد دەكات، بەجۆرێك
(40%) توشبووەكان توشی ئەو حاڵەتەبوون، بەشێكیان لەگەڵ نەخۆشكەوتنیان بۆ یەكەمجار
لە ژیانیاندا زرنگانەوەی گوێیان هەبووە.
توێژینەوەكە لە زانكۆی ئەنجیلیا رۆسكین لە بەریتانیا
ئەنجامدراوە، چاودێری سێ هەزار و (103) توشبوو بە زرنگانەوەی گوێ لە (48) وڵاتی جیهان
كراوە، بەڵام زۆرینەیان خەڵكی ئەمریكا و بەریتانیابوون.
بەپێی ئەنجامەكان (40%) ئەو كەسانە پێشتر
زرنگانەوەی گوێیان هەبووە، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە حاڵەتەكە لایان زیاتربووە، هەروەها
(54%) بەشداربووەكان دوای چاكبونەوەیان لە ڤایرۆسەكە كێشەی گوێیان چارەسەر بووە.
پسپۆڕەكان نەیانتوانیوە هۆكاری سەرەكی
توشبوون بە زرنگانەوەی گوێ ئاشكرا بكەن، بەڵام بەپێی چەند پێشبینییەك پێدەچێت دڵەڕاوكێ
و هەستن كردن بە تەنهایی بەهۆی كەرەنتینە كردن و دابڕانی توشبووەكان لە شوێنی گشتی
و كەسانی دەروبەریان كاریگەری هەبوبێت لەسەر دەركەوتنی حاڵەتەكە.
ماوەیەك پێش ئێستا كچێكی تەمەن (20) ساڵی ئەمەریكی
دوای توشبوونی بە كۆرۆنا باسی لەوەكرد، چەند نیشانەیەكی هەبووە كە پێشتر نەوتراوە
و پەیوەندی بە نەخۆشییەكەوە نەبووە، یەكێك لەوانە نەمانی هەستی بیستن بووە.
13503 جار خوێندراوەتەوە