فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان: پارتى و یەکێتى خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژوون

07:03 - 17/10/2020
کوردستان

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رەخنەى توند لەشەرى میدیایی نێوان پارتى ویەکێتى دەگرێت رایدەگەیەنێت، ئەو دووحزبە لەبرى چارسەرەکردنى کێشەکانى خەڵک خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژون.

لەراگەیەنراوێکدا کەلەبارەى شەڕى میدیایی چەند رۆژى رابردوى نێوان پارتى ویەکێتى بڵاویکردوەتەوە، فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاندوە، لە کاتێکدا کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەرێت ومیللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی کار و خزمەتگوزاریدایە، لەبرى چارەسەری ئەوسەختییانە وچاککردنی ژیانی خەڵک وخێراکردن لەئەنجامدانی چاکسازی وچارەسەری نەبونی موچە ویەکخستن وبە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرئاستی مەکتەبی سیاسی وفراکسیۆنەکانیان لەپەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حکومەتی ھەرێم، خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژوون، لەکاتێکدا ئەرکی ھەردوو هێزەکە و تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەکەمانە، ئەرکی ھەردوو تیمی حکومەتیشیان خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکانە، نەک تێوەگلان لەکێشە سیاسیەکان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ وئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە  .

فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان وێڕاى جەختکردنەوە لەوەى کەبەھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی وئاڵۆزیانەدا نین، راشیگەیاندوە، دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕلە رابردوو بدەینەوە کەئەزمونی لێوەرگرین بۆئێستا و بۆداهاتوو، هەڵەو خراپی وکەموکورتیەکان دوبارەنەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک ونەوەکانی ئێستا و داهاتومان پارێزراو بن.

 

 

راگەیەندراوی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان

بۆ رای گشتی  و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان

لەکاتێکدا کە رەوشی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت، میللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی کار و خزمەتگوزاری شایستەدایە، لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاککردنی ژیانی خەڵک، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ھەردو تیمیان لە حکومەتی ھەرێم لەبری بیرکردنەوە بۆ داهاتویەکی گەش و ژیانێکی شەرەفمەندانە و خێراکردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی، خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕە رەشەکانی مێژون.

لە کاتێکدا ئەرکی ھەردو هێزەکە و تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میللەتەکەمانە، ئەرکی ھەردو تیمی حکومەتیشیان خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکانە، نەک تێوەگلان بە کێشە سیاسییەکان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزکردنی رەوشەکە.

ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکەینەوە کە دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەینەوە کە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتو، هەڵە و خراپی و کەموکورتییەکان دوبارەنەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک و نەوەکانی ئێستا و داهاتومان پارێزراوبن بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردوەوە بەڕێوەدەبرێن.

فراکسیۆنی گۆڕان
17/10/2020










199 جار خوێندراوەتەوە