وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى
هەرێم رایدەگەیەنێت، لە شەش مانگى سەرەتاى دەستبەکاربونمان لە کابینەى نوێى
حکومەت، کۆمەڵێک پڕۆژەى گرنگمان ئەنجامداوە، دەشڵێت: پڕۆژە ستراتیژیە راگیراوەکانى
کابینەکانى پێشومان بە گەڕخستوەتەوە و ئەوکاتەى پارە هەبوە وەک پێویست کارنەکراوە
و نەتوانراوە خزمەت بکرێت.
دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆى
دەنگى گۆڕان رایگەیاند، ئومێدەوارین بتوانین پڕۆژە ستراتیژیەکان کە پلانى چوار
ساڵى ئێمەیە بتوانین جێبەجێیان بکەین و رێگا دوو سایدەکان لە تەمەنى ئەم کابینەیەى
حکومەتدا تەواو بکەین.
لەبارەى خراپى
رێگاوبانەکانى هەرێم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، خراپى رێگاوبانەکان
پەیوەندى بە کابینەکەى پێشوەوە هەیە کە کارەکانیان بە باشى ئەنجام نەداوە و لەئێستادا
بەشێکى پڕۆژەکانى کابینەکانى رابردو تەواو نەکراوە.
وتیشى؛ کابینەکانى
رابردو ئەرکەکانیان تەواو نەکردوە، لەکاتێکدا داهاتێکى زۆر باش لە هەرێمى کوردستان
هەبوە و وەزارەتەکان دەسەڵاتێکى زۆریان هەبوە لە روى ماددیەوە کە بتوانن
رێگاوبانەکانى هەرێم باش بکەن.
دانا عەبدولکەریم راشیگەیاند،
ئەوکاتانەى پارە هەبوە وەک پێویست کارنەکراوە و نەتوانراوە خزمەت بکرێت، لەئێستادا
بەشێک لە کارەکانى ئێمەش بەگەڕخستنەوەى پڕۆژە ستراتیژە راگیراوەکانى رابردوە.
وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى
هەرێم لەبارەى دروستکردنى هێڵى ئاسنین و ئەو رەخنانەى لەوبارەیەوە هەن، وتى: هێڵى
ئاسنین پڕۆژەیەکى خەیاڵ پڵاوى نییە و بەرنامە و پلانى بۆ دانراوە، ئێمە پلانێکمان
دانەناوە قابیلى جێبەجێ کردن نەبێت،
بێگومان ئەو پلانە بەحکومەتى هەرێم جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو دروستکردنى هێڵى ئاسنین
بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت لەلایەن کەرتى تایبەتەوە و بەهاوکارى حکومەت.
1480 جار خوێندراوەتەوە