دوا بڕیار لەبارەى کات و شێوازى دەستپێکردنى وەرزى خوێندن لە هەرێم دەدرێت

01:47 - 09/09/2020
کوردستان

دوای ئەوەی بڕیاری دەستپێکردنى وەرزى نوێى خوێندن بەشێوەى ئۆنلاین ناڕەزایی لێكەوتەوە، وەزارەتى پەروەردەى هەرێم پێداچونەوە بە ئەگەرە پێشنیارکراوەکاندا دەکات و دوا بڕیار لەبارەى کات و شێوازى دەستپێکردنى وەرزى نوێى خوێندن لە هەرێم دەدات.

بەپێى زانیاریەکانى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، وەزارەتى پەروەردە چەند پێشنیارێکى نوێى لەبارەى دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێى خوێندنى ئەمساڵ پێگەیشتوە و ئەنجومەنى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمیش پاش تاووتوێکردنى سەرجەم پێشنیارەکان بڕیار دەدات شێوازى خوێندن لە پۆلدا، جگە لە (12)ى ئامادەیى چەند قۆناغێکى دیکەى خوێندنیش بگرێتەوە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN) لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە زانیویەتى، وەزارەتى پەروەردە سەرەتاى ئەم هەفتەیە، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتەکەى ئەنجامداوە و ئەو ئەگەرانەى پێشتر بۆ دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێى خوێندن خرانەڕوو، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت.

گۆڕانکارى لە ئەگەر و بڕیارەکان بە جۆرێکە، کە دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێى خوێندنى ئەمساڵ، جگە لە قۆناغى (12)ى ئامادەیى کە لە ناو پۆلدا لە بەروارى (27/9/2020) دەست بە خوێندنى وانەکان دەکەن، بڕیاردراوە پۆلى (1) و (2)ى سەرەتاییش بچنە قوتابخانە و بە هەمان شێوە لە ناو پۆلدا وانە بخوێنن، بەڵام لە هەفتەى یەکەمى سەرەتاى مانگى (10) دەست بە پرۆسەى خوێندن بکەن.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، خوێندن بۆ پۆلەکانى (3)ى سەرەتایى تا (11)ى بنەڕەتى، بەشێوەى ئۆنلاین دەبێت و لە بەروارى (27/9/2020) پرۆسەى خوێندن بۆ ئەو قۆناغانە دەست پێدەکات.

بەپێى زانیاریەکانى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، ژمارەى قوتابیان و خوێندکاران لە ناوچەکانى دەرەوەى شار و قەزاکان رەچاو دەکرێت و ئەگەر هەر قوتابخانەیەک لە گوندەکاندا ژمارەى خوێندکارەکانى کەم بێت، یاخود پرۆسەى خوێندنى ئۆنلاین بەهۆى ئینتەرنێتەوە کێشەى بۆ دروست ببێت، دەتوانرێت بەو دوو مەرجە و بە رەچاوکردنى سەرجەم رێنماییە تەندروستیەکان، خوێندن راستەوخۆ لەناو پۆلەکاندا بێت.

گۆڕانکارى لە بڕیارى دەستپێکردنى وەرزى نوێى خوێندنى ئەمساڵ لە کاتێکدایە، کە رۆژى چوارشەمەى رابردوو (2/9/2020)، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەیەکى تایبەت بە تاووتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (2020-2021) لە ناوەند و دامەزراوەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات، جگە لە قۆناغى (12)ى ئامادەیى.

بۆ خوێندنەوەى دەقى راگەیەنراوى پێشوى حکومەتى هەرێم، لەبارەى دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن. کلیک بکە...

22260 جار خوێندراوەتەوە