چیرۆکى ئەو راوچیەى دەکەوێتە داوى نێچیرەکەى

KNN : Kurdish News Network
02:56 - 08/09/2020
هەمەڕەنگ
+
-

لە روداوێکى سەیردا لە ئەمەریکا، راوچیەک بەشوێن کوشتنى ئاسکێکەوە دەبێت، بەڵام خۆى دەبێتە نێچیر و قۆچ (شاخ)ى ئاسکەکە کۆتایى بە ژیانى راوچییەکە دەهێنن.

مارک دەیڤید، راوچییەکى تەمەن (66) ساڵ، رۆژى شەممەى رابردو لە ویلایەتى ئۆریگۆن بە تیروکەوانەکەیەوە دەچێت بۆ راو، لەوێ بە تیرێک ئاسکێک دەپێکێت و بریندارى دەکات، دواتر هەوڵ دەدات ئاسکەکە بگرێت، بەڵام ئاسکەکە خۆى نادات بەدەستەوە و خۆى لە چاوەکانى دەیڤید دەشارێتەوە.

دەیڤید، رۆژێک دواتر دەگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن تا نێچیرە بریندارەکەى بدۆزێتەوە و بیگرێت، بەڵام چیرۆکەکە لاى ئاسکەکە پێچەوانەیە، چونکە ئاسکەکە چاوەڕێى هاتنى دەیڤیدە تا تۆڵەى ئەو ئازار و برینەى لێبکاتەوە.

دواى گەڕانێکى زۆر لەو شوێنە، دەیڤید و ئاسکەکە چاویان بەیەکترى دەکەوێت و هەردوکیان روبەڕوى یەکترى دەبنەوە، بەڵام لەشەڕى ئەو رۆژەیاندا راوچى دەبێتە نێچیر، ئەوەش دواى ئەوەى ئاسکەکە بەرەوروى دەیڤید دەچێت و بە شاخەکانى بریندارى دەکات و دواتریش بەهۆى سەختى برینەکەیەوە راوچیەکە گیانلەدەست دەدات.

دواتر هەر لەو شوێنە ئاسکى بریندار لەلایەن راوچییەکانەوە دەکوژرێت و گۆشتەکەشى بەسەر گرتوخانەیەکى ئەو ناوچەیەدا دابەش دەکرێت.

لە کۆتایدا ئەوەى ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە" زۆرن ئەوانەى دەیانەوێت سروشت بشێوێنن، بەڵام سروشت لێخۆشبونى بۆ هیچ کەسێک نیە".

1921 جار خوێندراوەتەوە