سێڵفی جیابونەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەخرۆشێنێت

KNN : Kurdish News Network
02:37 - 06/09/2020
هەمەڕەنگ
+
-

ئەوەی باوە لای خەڵكی گرتنی وێنەیە لە بۆنە تایبەت و خۆشەكاندا، بەڵام ژن و مێردێكی تونسی دوای جیابونەوەیان وێنەیەكی سێڵفی جیاواز دەگرن و دەبنە باسی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

خەولە حامید و وەلید شوكری دوای هاتنە دەرەوەیان لەدادگا و جیابونەوەیان بەشێوەیەكی فەرمی، بەدەم پێكەنینەوە وێنەیەك دەگرن، دواتر هەردووكیان لە ئەكاونتەكانیان لە فەیسبووك بڵاویدەكەنەوە و دەنوسن "ئێمە خراپ نین، هاوسەرگیرییەكە خراپبوو".

وێنەكە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانى تونس بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەشێكیان رەخنەی ئەوەیان گرتووە كە ئەوە ساتێكی ناخۆشە و پێویست ناكات بە وێنەی پێكەنینەوە تۆمار بكرێت، بەشێكی دیكەشیان بیرۆكەكەیان بەدڵبوەوە بە شتێكی جوانیان داناوە كەجیابونەوەكە لە كەشێكی ئارام و بێ كێشە كۆتایی هاتووە.

ئەوانەی رەخنەیان گرتووە پێیان وایە بەكارهێنانی وشەی "هاوسەرییەكە خراپ" بوو، لە پۆستەكەیاندا كاریگەری خراپی لەسەر گەنجان و ئەو كەسانە دەبێت كە بەنیازی هاوسەرگیرین، چونكە پرۆسەكە بۆ هەموو كەسێك بەو شێوەیە نییە.

بەڕای ئەو كەسانە دەبوایە ئەو دوو هاوسەرە ڕێزیان لەو رابردووەی خۆیان بگرتایە كە پێكەوە هەیانبووە، بەڵام گرتنی وێنەكە بە پێكەنینەوە مانای دڵخۆشی و رزگاربونیانە لە یەكتر.

ئەوانەش كە بەرگریان لە دوو هاوسەركە و بیرۆكەكەیان كردووە، پێیانوایە خەولە و وەلید رێزێكی زۆری یەكتریان گرتووە و بێ كێشە هەموو شتێكیان كۆتایی پێهێناوە، بە خراپە باسی یەكتریان نەكردووە، ئەوەش بە پێچەوانەی زۆرینەی حاڵەتەكانی تەڵاق كە تۆمار دەكرێت.

3328 جار خوێندراوەتەوە