توێژینەوەیەكی بەریتانی: خواردنی ئایس كرێم كێش دادەبەزێنێت

05:30 - 27/08/2020
تەندروستی

زۆرن ئەو كەسانەی لە وەرزی گەرمادا رۆژانە ساردەمەییەكان دەخۆن بە تایبەت ئایس كرێم، هەرچەندە وا باوە بەهۆی شیرینییەكەیەوە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام بێبەشیش نییە لە چەند سودێك كە لە توێژینەوە پزیشكییەكاندا ئاماژەی پێكراوە، بەو مەرجەی زیادەڕۆیی نەكرێت لە خواردنیدا.

توێژینەوەیەكی بەریتانی كە لە زانكۆی لەندەن ئەنجامدراوە باس لەوە دەكات، لە كاتی خواردنی ساردەمەنیەكان بە گشتی و ئایس كرێم بە تایبەتی، ئەو خانانەی مێشك كە بەرپرسن لە هەستی دڵخۆشی چالاكتر دەبن، بۆیە مرۆڤ هەستی ئاسودەیی دەرونی و دڵخۆشی زیاتر دەكات، بەوەش ئەگەری توشبوون بە كێشە دەرونییەكان بە تایبەت خەمۆكی كەمدەبێتەوە.

پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن سەرجەم ماددەكانی پێكهاتەی ئایس كرێم كاریگەریان لەسەر خانەكانی مێشك دەبێت و چالاكییەكی زۆریان پێدەبەخشن، بۆیە خواردنی ئەو ساردەمەنییە زۆر گرنگە بە تایبەت لەكاتی هەستكردن بە بێزاری و بێتاقەتی.

لە توێژینەوەكەدا باس لەوە كراوە، ئایس كرێم ئێسكەكان بەهێز دەكات بەو پێیەی بڕێكی زۆر شیری تێدایە كە دەوڵەمەندە بە كالسیۆم، هەروەها تاڕادەیەك چەوری لەش دەتوێنێتەوە، بەسودە بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن بەو مەرجەی بە بڕێكی زۆر نەخورێت.

ئایس كرێم دژی شێرپەنجەی كۆڵۆنە و هەروەها ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ كەمدەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەسودە بۆ گورچیلە و بەرگری لەش بەشێوەیەكی گشتی بەهێز دەكات.

لەبارەی كاریگەری ئەم جۆرە ساردەمەنییە بۆ دابەزاندنی كێش، پسپۆڕانی خۆراكی باس لەوە دەكەن، خواردنی ئایس كرێم پێش نان خواردن، مرۆڤ بە تەواوی تێر دەكات و وادەكات كە لەكاتی نان خواردندا بڕێكی زۆر كەم بخوات، هەروەها رێژەی پێویست لە ماددە خۆراكییە گرنگەكان و ڤیتامین و كانزاكان بۆ لەش دابین دەكات.

سەبارەت بەو كەسانەی بە خواردنی توشی سەرئێشە دەبن، پسپۆڕەكان دەڵێن: ئەو ئازارە كاتییە و تەنها چەند خولەكێك دەخایەنێت، حاڵەتەكەش بەهۆی كاریگەری ماددە ساردەكەوەیە لەسەر بەشی سەرەوەی شەویلگە و قورگ و هیچ زیانێكی تەندروستی نییە.

لەگەڵ ئەو سودانەدا پسپۆڕەكان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن ئایس كرێم بە بڕێكی زۆر و بەشێوەكی رۆژانە نەخۆن، چونكە سودەكان دەگۆرێت بۆ زیان، هۆكارێك دەبێت بۆ زیادبونی كێشی لەش و بەرزبونەوەی رێژەی شەكری خوێن.

729 جار خوێندراوەتەوە