حکومەتی عێراق بڕیاریدا
بەناردنی زیاتر لە ١٣ هەزار تۆن گەنم و ١٠٠ تانکەر گازوایل بۆ لوبنان، ئەمەش وەک یارمەتییەکە
بۆ ئەو وڵاتە دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیروت زیانێکی زۆری گیانی
و مادی بەدوای خۆیدا هێنا.
حەیدەر مەجید وتەبێژی
ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی
عێراق رایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە لەسەر پێشکەشکردنی یارمەتیی
پاڵپشتیی بۆ لوبنان بە ناردنی گازوایل و گەنم و پێداویستی پزیشکیی".
حەیدەر مەجید روونیکردەوە،
کە بەپێی بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی نەوتی راسپاردووە بە ناردنی ١٠٠
تانکەر گازوایل بۆ لوبنان.
راشیگەیاند، هاوکات رەزامەندی
درا بەوەی وەزارەتی بازرگانی ١٣ هەزار ٣٠٠ تۆن گەنم بۆ ئەو وڵاتە بنێرێت، لەگەڵ
ناردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە.
ئەمڕۆ هەینی، حەمەد حەسەن
وەزيرى تەندروستيى لوبنان، لە رونکردنەوەیەکیدا بۆ کەناڵێکی ناوخۆیی وڵاتەکەی
ئاماژەی بەوە کردبوو کە تاوەکو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدانی تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری
بەیروت گەیشتووەتە ١٧٧ کەس و چارەنووسی ٣٠ کەس نادیارە.
حەمەد حەسەن راشیگەیاندبوو
کە مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەی ٤ی ئاب بگاتە ٢٠٠ کەس.
618 جار خوێندراوەتەوە