دواى رێکارەکانى حکومەت داهاتى بەندەرى ئوم قەسر بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز دەبێتەوە

03:54 - 14/08/2020
عێراق

دەستەى دەروازە سنوورییەکان، ئاشکرایکرد، داهاتى یەک رۆژى بەندەرى ئوم قەسر کە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت زیاتر بووە لە دوو ملیار و ١٢٦ ملیۆن دینار.

 

 ئەو داهاتە لە ئەنجامى باج و گومرگ بووە لەسەر کاڵاو شمەک بە تەنیا لە یەک رۆژدا کە ١٣ى ئاب بووە واتە دوێنێ دووشەممە.

ئەمە یەکەمجارە داهاتى رۆژانەى بەندەرى ئوم قەسر بەم رادەیە بەرزبێتەوە، دەستەى دەروازە سنوورییەکان دەڵێت هۆکارى بەرزبونەوە داهات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان ئەرکى خۆیان بەجێهێناوە و بەپێى ئەوەى یاسا بۆى دیاریکردون بە ئەرکى چاودێرى و وردبینى هەستاون، لەگەڵ ئەوەشدا هەماهەنگیان لەگەڵ ئەو فەرمانگانەدا هەبووە کە لە دەروازەکە کار دەکەن.

مستەفا کازمى دواى هاتنە سەر کارى، دەروازە سنوورییەکانى لە ژێر دەستى گروپە چەکدارەکان دەرهێناوە و لەلایەن هێزە حکومیەکان و دەستەى دەروازە سنوورییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان هەرێم و بەغداش پرسى دەروازە سنوورییەکانەو کازمى دەیەوێت دەروازەکان لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە بەڕێوەببرێن، بەڵام حکومەتى هەرێم رازى نیە.

1619 جار خوێندراوەتەوە