وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە لوبنان

KNN : Kurdish News Network
09:54 - 14/08/2020
جیهان

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێك گەیشتە وڵاتی لوبنان، بەپێی زانیارییەکان و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی كاربەڕێكەری ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.


بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێك گەیشتۆتە لوبنان و لەگەڵ شەربل وەهبە، وەزیری دەرەوە لە حكومەتی كاربەڕێكەری ئەو وڵاتە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەردانەكەی جەواد زەریف تایبەت دەبێت بە تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت و چۆنیەتی پێشكەشكردنی هاوكارییەكان بە لوبنان، هەروەها خستنەڕووی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا.

سەردانەكەی جەواد زەریف بۆ لوبنان لەكاتێكدایە، لەدوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بە هۆی گڕگرتنی کۆگایەکی نیتراتی ئەمۆنیم کە بەهۆیەوە (171) کەس کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەسی بریندار بوون، خۆپیشاندان لەو وڵاتە  دژ بە دەسەڵاتی سیاسی بەردەوامن و بەشی زۆریان داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوە حكومییەكان دەكەن.


296 جار خوێندراوەتەوە