ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان پەلاماردان وبێ ڕێزی بە پەرلەمانتاران
سەرکۆنە دەکات و دەڵێت جێگەی داخە كە لە هەرێمی كوردستان پێگەی پەرلەمان و ڕۆڵی
لەبەرچاو ناگیرێت و ناو بە ناو شایەتی رووداوگەلێك دەبینین كە تێڕوانینی
نێگەتیفانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەنوێنێت بۆ شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران.
ژوری پەرلەمان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە دوێنی دەزگا
ئەمنیەكان بێ ڕێزیان کردو پەلامار و ئازاری پەرلەمانتار شیرین گەرمیانیاندا و لە
هەمان ڕۆژدا لێدوانی پارێزگاری دهۆك سەبارەت بە پارێزبەندی پەرلەمانتاران جێگەی
هەڵوێستەی جدییە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
پەلاماردان و بێ ڕێزی بە پەرلەمانتاران سەرکۆنەدەکەین
لەم ڕۆژانەدا و لە چەند
ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لەهاوڵاتیان بۆ ماف وداخوازییەکانیان،
خۆپیشاندان و گردبونەوەیان ئەنجامدا.
پەرلەمانتاران ئەركیانە بە گوێرەی یاسا و عورفی كاری پەرلەمانی، بەدەم
داواكاری هاوڵاتیانەوە بچن و بەرگری لەئازادییە مەدەنی و گشتیەکانی هاوڵاتیان بکەن
،جا ئەو بەرگریە لە پەرلەمان بێت یا لەشێوازو فشارێکی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی داوا
رەواکانی خەڵک ، ەو چوارچێوەیشدا خۆپیشاندان مافێكی مەدەنی و یاسایی هەموو
هاوڵاتیەكە و دەبێت پارێزراو بێت .
نوێنەرانی گۆران لە حکومەت و پەرلەمانیش لەپێشەوەی ئەو لایەنانە بوون
و دەبن کە بەرگری لە ماف و داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکەن.
جێگەی داخە كە لە هەرێمی كوردستان پێگەی پەرلەمان و ڕۆڵی لەبەرچاو
ناگیرێت و ناو بە ناو شایەتی رووداوگەلێك دەبینین كە تێڕوانینی نێگەتیفانەی
دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەنوێنێت بۆ شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە تایبەت لە
مامەڵەی هێزە ئەمنیەكان هەروەك ئەوەی دوێنێ ڕوویدا لە گردبونەوەی شاری کەلار
،دەزگا ئەمنیەكان بێ ڕێزیان کردو پەلامار و ئازاری پەرلەمانتار شیرین گەرمیانیاندا
.
پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵکن پشتگیری لە هەمان ڕۆژدا لێدوانی پارێزگاری
دهۆك سەبارەت بە پارێزبەندی پەرلەمانتاران جێگەی هەڵوێستەی جدییە .
پەرلەمانتاران پشتيوانی یاسایی رەوایی نوێنەرایەتی خەڵکیان هەیە
،خاوەنی پارێزبەندی یاسایین و دەسەڵاتی جێبەجێكردن مافی لێسەندنەوەی ئەم
پارێزبەندیەی نیە، هەر كات ویستی بێت ،بۆیەپێویستە بەدواداچون بۆ لێدوانی
پارێزگاری دهۆک بکرێت ، لەهیچ سیستەمێكی دیموكراسی پەرلەمانی نەبووە بەرپرسێكی
دەسەڵاتی جێ بەجێكردن ، بە و ئاشکراگۆیەوە ،دژ بە یاسا بوەستێتەوە و مافی
لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران بە خۆی بدات .
هەم ئەو لێدوانەو هەمیش پەلاماردانی پەرلەمانتاران پێشلکاریە بۆ
سەریاساو دامەزراوەی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتاران ،ڕێگا خۆشكەر دەبێت بۆ
ڕێزنەگرتنی دەسەڵاتی پەرلەمان و خۆدزینەوە لە دەسەڵاتی چاودێری کردنی ئەم دەزگایە.
پێویستە لە سەر پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی جدی هەبێت بەرامبەر ئەو کەس ولایەنانەی
شكۆی پەرلەمان ناپارێزن و چیتر ڕێگانەدات بەم پێشێلكاریە یاساییانە بۆ پاراستنی
پێگە و هێزی دەسەڵاتی یاسایی خۆی .
ژوری پەرلەمان بزوتنەوەی گۆران
١٢/٨/٢٠٢٠
1781 جار خوێندراوەتەوە