د.مەحمود عوسمان: زۆربەی لایەنەکان دژی هەڵبژاردنی پێشوەختەن

KNN : Kurdish News Network
03:56 - 08/08/2020
کوردستان
+
-

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئاسان نییە، بەو پێیەی زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ تەواوکردنی خولی ئێستای پەرلەماندان و دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەن.

 

 د.مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاندوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت یان پاشوەخت گرنگ نییە، گرنگ ئەنجامدانیەتی بێ تەزویر و ساختەکاری، بۆ ئەمەش دەبێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت و لیستەکان لە ناوی زیادە و مردوو پاک بکرێنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە پێش هەڵبژاردن پێویستە چەکیش لە میلیشیاکان وەربگیرێتەوە، چونکە چەک هۆکاری ساختەکاری یە لە هەڵبژاردنەکاندا.

 

د.مەحمود عوسمان ئاشکراشیکردوە ئەمەریکا پشتگیری کازمی دەکات و دەیەوێ سەری بخات، هەڵبژاردنی پێشوەختەش داواکاری خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقە، بۆیە ئەمەریکاش پشتگیری دەکات و لاری لێی نیە.

 

سەبارەت بە رۆڵی ئێرانیش ئەو سیاسەتمەدارەی کورد پێی وایە ئێران هاوشێوەی زۆرینەی لایەنە شیعەکان دژی هەڵبژاردنەکەیە و پێی باشە دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا مستەفا کازمی رۆژی 6 حوزەیرانی داهاتووی وەک رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد بەڵام بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە کێشەی زۆری لێکەوتۆتەوە و یاساناسان دەڵێن بەپێی دەستور لە دەسەڵاتی کازمیدا نیە رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات هەروەها هێشتا پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی تەواو پەسەند نەکردوە.

1149 جار خوێندراوەتەوە