د.عیماد ئەحمەد: لە دوو هەفتەى داهاتودا دۆخى کۆرۆنا لە هەولێر خراپتر دەبێت

KNN : Kurdish News Network
10:20 - 06/08/2020
کوردستان
+
-

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر باری تەندروستی ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان ناجێگیرە و دکتۆر و کارمەندانی کەرتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن، چونکە بارودۆخەکە خراپە و رۆژانە حاڵەتی ناجێگیر تۆمار دەکرێن.

د.عیماد ئەحمەد سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشى کوردى دەنگى ئەمەریکا دەڵێت: "(18%)ى دانیشتوانی ناو سەنتەری شاری هەولێر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون، زۆربەی دکتۆرەکانیش تووش دەبن و گرنگی بە تەندروستی خۆیان نادەن، ئەوانەی لەناو تەندروستی کاردەکەن زۆربەیان تووش بوون، ئێمە دەزانین بارودۆخەکە چەندە ناجێگیرە و بارودۆخی نەخۆشەکانمان چەند خراپە".

سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری وتیشى؛ "ژمارەى توشبوەکان لە هەولێر زۆرن و لە دوو هەفتەی داهاتو هەست دەکەین خراپتر دەبێت".

ئاماژە بەوەش دەکات، نەخۆشخانەی رزگاری سەرجەم نهۆمەکانى بوونەتە شوێنى چاودێرى چڕ و زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە لەو نەخۆشخانەیە تۆمار دەکرێن ناجێگیرن.

د. عیماد ئەحمەد دەشڵێت: "وەزیری تەندروستی زۆر هاواری دەکرد و بەڕێوەبەری تەندروستی و ئێمە هەر قسەمان دەکرد کەس باوەڕی بە ئێمە نەبوو، پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، دەیانوت کۆرۆنا راست نیە و سیاسیە و بابەتی موچەیە تا وایلێهات، تەنها لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات 50 کارمەند و دکتۆر توشی کۆرۆنا بوون و لە رزگاریش تا 40 کارمەند و دکتۆر تووش بوون و زۆر خەڵکیش هەیە لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە دەکەن".



979 جار خوێندراوەتەوە