عێراق؛ داوا دەکرێت رێوشوێنى پێویست لە کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى بگیرێتەبەر

05:49 - 06/08/2020
عێراق

بۆئەوەى لە عێراق هاوشێوەى تەقینەوەکەى بەیروت روونەدات، داوا دەکرێت رێوشوێنی پێویست لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی بگرێتەبەر.

هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر پاڵپشتی دەكرێت، داوا لە حكومەتی عێراق دەکات لەوەی رێوشوێنی پێویست لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاوشێوەی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروتى پایتەختی لوبنان لە عێراق روونەدات.

لە راگەیەندراوێكدا حەمدەڵڵا روكابی وتەبێژی هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاندوە، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، كە رێوشوێنی پێویست لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاوشێوەی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت لە وڵاتەكەماندا روو نەدات.

دەشڵێت: "داوا دەكەین كەمتەرخی لە پرسی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی نەكرێت و گرنگی پێ بدرێت، بەتایبەتیش كە لەئێستادا عێراق بەدەست ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپی رەوشی ئابوری و كەمی خزمەتگوزاریی و بێكارییەوە دەناڵێنێت".

205 جار خوێندراوەتەوە