توێژینەوەیەک؛ كۆرۆنا كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ناوەندی تەمەن هەبووە

KNN : Kurdish News Network
02:19 - 03/08/2020
تەندروستی
+
-

ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ناوەندی تەمەن هەبووە و چەند ساڵێك لە تەمەنی لەدایكبووانی ساڵی 2019 و 2020 كەمكردۆتەوە.

پسپۆڕانی زانكۆی ئۆكسفۆڕد ڕایانگەیاندووە، ڤایرۆسی كۆرۆنا ناوەندی تەمەنی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی گێڕاوەتەوە بۆ ئاستی ساڵی 2008، ئەمە جگە لەوەی بارگرانییەكی زۆری لەسەر كەرتی تەندروستی دروستكردووە.

بەپێی توێژینەوەكە، كۆرۆنا ناوەندی تەمەنی ژنانی لە 83.5 ساڵەوە كەمكردۆتەوە بۆ 81.8 ساڵ، هەروەها بۆ پیاوانیش لە 79.9 ساڵەوە كەمبۆتەوە بۆ 78 ساڵ.

خوسێ مانوێل ئەپۆرتۆ توێژەری سەرەكی و مامۆستای بەشی زانستی كۆمەڵایەتی لە زانكۆی ئۆكسفۆڕد ئاماژەی بەوە كردووە، ناوەندی تەمەن لە ئینگلتەرا و وێڵز لە 50 ساڵی ڕابردوودا لە باشبونێكی بەردەوامدا بووە، بەڵام كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ڕێژەی ناوەندی تەمەن هەبووە، چونكە زۆركەس لەو دوو ناوچەیە بە ڤایرۆسەكە گیانی لەدەستداوە.

توێژینەوەكە پێشبینی ئەوەی كردووە، ئەوانەی لە كۆتایی 2019 و سەرەتای 2020 لەدایكبوون، ناوەندی تەمەنیان 1.7 بۆ 1.9 ساڵ كەمتربێت بەراورد بە لەدایكبوانی كاتەكانی دیكە، ئەو ڕێژەیەش بۆ هەردوو ڕەگەزەكە دەبێت.
توێژینەوەكە لە ماڵپەڕی ئەكادیمیای میدركێسڤدا بڵاوكراوەتەوە و فایلی سەرجەم مردووانی وەرگرتووە بە هۆكارە جیاوازەكان، لەماوەی نێوان دووی ئازار كە بەرواری تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی كۆرۆنایە لە بەریتانیا، تا كۆتایی مانگی حوزەیران.

دواتر گروپێكی تایبەتی توێژەرەكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر زیادبونی ڕێژەی مردن و كاریگەری لەسەر ناوەندی تەمەن كردووە لای هەردوو ڕەگەزەكە.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە دەڵێن: "ئەگەر شەپۆلێكی دیكەی ڤایرۆسەكە بڵاوبێتەوە، كاریگەری زیاتر و ڕوونتر دەبێت لەسەر داهاتووی ناوەندی تەمەن لە بەریتانیادا".

1365 جار خوێندراوەتەوە