زێڕ بەرزترین نرخى لە ماوەى نۆ ساڵى رابردودا تۆمارکرد

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 03/08/2020
ئابوری
+
-

نرخى زێڕ بەرزترین ئاست تۆماردەکات و ئەمڕۆ دووشەممە (3/8/2020) لە بازاڕەکانى جیهاندا، نرخى یەک ئۆنسەى زێڕ (2000) دۆلارى تێپەڕاند.

لە ماوەى نۆ ساڵى رابردودا یەکەمجارە نرخى زێڕ بەم ئاستە بەرزببێتەوە و سەرەتاى مانگى رابردوش نرخى یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە (1800) دۆلار و بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوەوە و لەوکاتەوە نرخى زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

لەکاتێکدا بازاڕی نەوتی جیهانی لە سستیدایە بەهۆی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دۆخی داراییان رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی دەچێت، بەڵام خواست لەسەر کڕینی زێڕ بەرزبوەتەوە، کە لەئێستادا وەک سەرمایەیەکی بەهێز سەیر دەکرێت، بەجۆرێک لە ماوەی شەش مانگی رابردودا بە رێژەی (21%) بەهاکەی بەرزبوەتەوە.

هاوکات نرخى زێڕ لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان، بەمشێوەیەیە:

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 295 هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 340 هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 378 هەزار دینار

7808 جار خوێندراوەتەوە