تەنیا پێنج توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچنار ماون

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 01/08/2020
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیرعەلی والی بەگ رایگەیاند، لە ئێستادا تەنیا پێنج توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەدا ماون، دەشڵێت، بەبەراورد بە هەفتەکانی رابردوو ژمارەی توشبووان زۆر کەمیکردووە.

 

ئازاد هەورامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) راگەیاند، تا دێت دۆخی کۆرۆنا لە سلێمانی بەرەو کۆنترۆڵکردن دەچێت،ئێستا تەنیا پێنج توشبوو لە نەخۆشخانەکەیاندا ماون، بەڵام باری تەندروستییان ناجێگیرە، لە ژێر ئۆکسجین و چاودێری پزیشکیدان، بەشێکیشیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

 

بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیرعەلی والی بەگ، پابەندی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی ژمارەی توشبووانە لە پارێزگای سلێمانی.

 

 هاوکات د. هێرش حەیدەر پزیشکی پایە بڵندی کۆرۆنا بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی راگەیاند، سوڕی هەموو ڤایرۆسێک ماوەی هەشت بۆ 12 هەفتە دەخایەنێت، ئێستا ئـێمە لە هەفتەی دەیەمداین و بەرەو (11) دەڕۆین، رێژەی گیانلەدەستدان کەمیکردووە لەبەرامبەردا چاکبوونەوە زۆر زیادی کردووە.

 

باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ جارێکی تر ئەنفۆلنزای (H1N1) سەرهەڵبداتەوە بۆیە ئێستا سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دوبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو پەتایە کراوە ئامادەکارییەکان ئاسانترە، چونکە ئەزمونی پێشوی ئەو پەتایە هەیە.

2152 جار خوێندراوەتەوە