یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی جەژن لە هەرێمی كوردستان گێڕانی نوقڵ و شیرینییە
لەكاتی سەردانە كۆمەڵایەتییەكاندا، بێگومان كەسانێكی زۆریش حەز بە خواردنی ئەو بابەتانە
دەكەن، بەڵام بەهۆی ترسیان لە قەڵەوی خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، چونكە بەردەوام باس
لەوە دەكرێت كە زۆر خواردنی نوقڵ و شیرینییە جیاوازەكان، هۆكارێكە بۆ زیادبونی كێش
و توشبوون بە چەند نەخۆشیەك، بەڵام توێژینەوەیەك پێچەوانەی ئەوە بابەتە ئاشكرا دەكات.
چەند پسپۆڕێكی ئەمریكی توێژینەوەیەكی لەسەر خواردنی نوقڵ و شیرینیەكان
ئەنجامداوە و بۆیان دەركەوتووە، خواردنیان بە شێوەیەكی بەردەوام نابێتە هۆی قەڵەوی
و توشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ، بە مەرجێك ئەو كەسە بڕێكی زۆر لە خۆراكی تەندروستی وەك
سەوزە و میوەكان بخوات.
توێژینەوەكە لەسەر زیاتر لە پێنج هەزار كەسی ئەمریكی ئەنجامدراوە، ئەو
كەسانە بۆ ماوەی ساڵێك بەدەوام نوقڵ و نەستەلەیان خواردووە، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەكی
ئەوتۆ لە كێشیاندا ڕوینەداوە، چونكە ڕۆژانە بڕێكی زۆر سەوزە و میوەیان خواردووە ،
ئەوەش بۆتە هۆی كەمبونەوەی هەڵمژینی شەكر لەلایەن خانەكانی لەشەوە، ئەمە جگە لەوەی
بڕی نوقڵ و شیرینییەكە زۆر نەبووە و دیاریكراو بووە.
جگە لە خواردنی میوە و سەوزە، ئەو كەسانە بەردەوام شیرەمەنییە كەم چەوریەكانیان
خواردووە، ئەوەش هۆكارێكی دیكە بووە كە رێگری كردووە لە كۆبونەوەی چەوری.
پێشتریش توێژینەوەیەكی ئەوروپی باسی لەوە كردبوو، كەمكردنەوەی خواردنی
ئەو شیرینییانەی ڕۆژانە دەخورێن بە تایبەت نوقڵ، نابێتە هۆی دابەزاندنی كێش، بەڵام
باشترە بە بڕی زۆر نەخورێن بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی سەوزە و میوە و خۆراكی تەندروست
بە شێوەیەكی بەردەوام ناخۆن.
2243 جار خوێندراوەتەوە