سەرجەم ئەو داهاتانە ئاشکرا دەکرێت کە ئەمساڵ دەست حکومەت کەوتوە

KNN : Kurdish News Network
02:20 - 28/07/2020
ئابوری
+
-

ئەمڕۆ سێشەممە (28/7/2020)، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبونی وەزیرانی دارایی و پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کۆبوەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کرا.

لە راپۆرتێکدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ئەو داهاتە ئاشکرا دەکات کە لەمساڵدا دەست حکومەت کەوتوە.


راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی دۆخی ئابوریی هەرێمی کوردستان


دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان
لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری - پەرلەمانی کوردستان
مێژوی ئامادەکردنی راپۆرت
تەموزی 2020

پێشەکی

لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەی ژمارە (5)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دوەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ئەم راپۆرتەی ئامادەکردوە.

لیژنەی دارایی ماوەی (10) کاتژمێر کاریکردوە لەسەر ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، کە لەڕێگەی چەند سەردانێکی مەیدانی و راوێژکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و سودوەرگرتن لە ئەزمونی راوێژکارەکانی لیژنە، ئامادەیکردوە.

هەرێمی کوردستان لە روی دارایی و ئابورییەوە بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ بەشێوەیەک، تەنانەت پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری تێکەوتوە. دروستبونی ئەم دۆخە نالەبارە لە کەرتی دارای و ئابوری هەرێمی کوردستان بو سێ فاکتەر دەگەڕێتەوە:

یەکەم: جیهانییە و بەدەرە لە توانای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. وەک (هاتنی پەتای کۆرۆنا- دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان).

دوەم: پەیوەندی بە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە.

سێیەم: پەیوەندی بە رێکنەخستن و هەبونی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە هەندێ لە سێکتەرەکانی خەرجی و داهاتە لە هەرێمی کوردستان.

ئەم راپۆرتە باسی دۆخی ئابوری و کێشەی ئابوری و هۆکارەکانی ئەو کێشانە دەکات، کە لەبەردەم پێشڤەبردنی دۆخی ئابورین لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پێشنیار و چارەسەری بەشێکی ئەو کێشانە لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕو.

ئابوریی هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری، یاسایی و سیاسییە لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ. پرسیار ئەوەیە لە روی داراییەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا سەربەخۆی دارایی هەرێمەکان لە کوێی یاسا و زیهنی ئابوری و دارایی عێراقدایە؟

بۆچی کێشە لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی هەرێم وەک بە شێک لە سەربەخۆی زاتیی هەرێمی کوردستان هەیە؟ بەچ میکانزمێک پارەی یەدەگی عێراق، هەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە؟ ئەی قەرزەکان کە عێراق وەریاندەگرێ و هەرێم پشکی نییە و لە دانەوەی قەرزیش لەسەر هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێ؟

کاتێ هاوسەنگی دارایی تێکدەچێت، لە روی ئاسۆییەوە داهاتی حکومەتی فیدراڵ زیاد دەبێ، بەڵام داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی پێداویستییەکان ناکات، ئەوکاتە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئەم هاوسەنگییە راست بکاتەوە. بەتایبەت نەبونی (موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە عێراق ئەم موچەخۆرانە وەک بەشێک لە موچەخۆرانی دەوڵەتی فیدراڵ سەیرناکات).

هەرێمی کوردستان لە روی دەستورییەوە

بەگوێرەی ماددەی یەکی دەستوری عێراق، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆی زاتییە، لە هەمو رویەکەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، حکومەتی ئیتیحادی بەو شێوەیە مامەڵە ناکات کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵکو وەکو دەوڵەتێکی سیستەمی مەرکەزی مامەڵە دەکات.

پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی سیادی بەتایبەت بو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی نیشتیمانی کە خراوەتەوە نێو دەستوری عێراق، وەک لە بڕگەی چوار لە ماددەی (121) رێگە بە هەرێمەکان دراوە هێزی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم رێکبخەن، وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، بەڵام لەوەتەی عێراقی نوێ دروست بوە، هیچ بودجەیەک بو هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەرجنەکراوە.

لە ساڵی 2014ەوە حکومەتی ئیتیحادی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی بڕیوە کە ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی دەستورە کاریگەرییەکی نەرێنی بەهێزی لەسەر ئابوری هەرێمی کوردستان جێهێشتوە.

هۆکارەکانی خراب بونی دۆخی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان

دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت کە هۆکارەکانی بریتییە لە:

یەکەم: لە روی ئابویەوە بەشێکین لە دەوڵەتی عێراق، عێراق و هەرێمی کوردستان 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەکاتە سەر جۆمگەکانی دیکەی ئابوری و دارایی وڵات.

دوەم: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، کایگەری لە سەر زۆربەی جۆلەکانی ئابوری و دارایی دروست کردوە، بەشێوەیەک زۆربەی سەرچاوەکانی داهاتی کەمیکردوتەوە.

سێیەم: پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بو سیستەمی ئابوری لە هەرێمی کوردستان.

چوارەم: تەداخولەکانی حکومەتی فیدڕال لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بە هۆکارە سیاسییەکان و بڕین وناجێگیری لە پێدانی بەشێک لە بودجەی، بەتایبەت لە 2014 تاوەکو ئێستا لە 2020 وایکردوە پێدانی موچە و دۆخی ئابوری ناسەقامگیر بێت.

پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراب ئیدارەدانی سەرچاوەکانی داهات لە هەندێ لە سێکتەرەکانی وەک (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەک خاڵە سنورییەکان، گومرک، باج ...هتد)

سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان:

یەکەم:

داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان، باج، رسومات:

لە 1/1/2020 تاوەکو 30/6/2020 وەک ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری وەرگیراوە، کە لە خشتەکەدا رونە:

سەرچاوەی داهات

مێژۆ

بڕی داهات بە ملیار (بەنزیکەی)

گومرک و دەروازە سنورییەکان

1/1/2020 تاوەکو 30/6/2020

505  ملیار دیناری عێراقی

باج

1/1/2020 تاوەکو 31/5/2020

154 ملیار دیناری عێراقی

تێبینی: لەداهاتی ناوخۆ کە لە خشتەی سەرەوە ئاماژەپێکراوە رسۆماتی تێیدا نییە.

دوەم:

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقەوە هاتوە لە 2020

(1.759.000.000.000 ملیار دینار) تڕلیۆنێک و 759 ملیار دینار. لەم بڕە کە بە چوار سولفە هاتوە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یانزدە ملیار و 880 ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانکە ئەهلییەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزدارییانە. کۆی قەرزی بانکەکان کە لەو چوار مانگە وەریانگرتوە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار.

ئەوەی بە سافی بو هەرێمی کوردستان ماوەتەوە (تڕلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی)

بەگوێرەی مافە دارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجی 2020ی عێراق، کە بەهۆی نەبونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەکرێ، ئەویش بە خەرجکردنی 1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی کوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبوە)

لە ساڵی 2020 حکومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردوە، مانگێک تەنیا 400 ملیار دیناری ناردوە و دو مانگ هیچی نەناردوە. بەم پێیەش حکومەتی عێراق 959 ملیار دینار کەمتر لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگ رابردودا بو هەرێمی کوردستان ناردوە)

سێیەم:

بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی:

لەسێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان کە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی موچە بو هەر مانگێک 345 ملیار و 203 ملیۆن بوە. هەموی دەکاتە یەک تڕلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دنیاری عێراقی)

هەروەها لەمانگی (4/5/6) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بوە) رادەستی وەزارەتی دارایی کراوە.

چوارەم:

هاوکاری هاوپەیمانان بو موچەی هێزی پێشمەرگە:

لەشەش مانگی یەکەمی 2020 هاوکاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەک بۆ هەر مانگێک بە تێکڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020 چەند و چۆن موچەی دابەشکردوە؟

موچەی چوار مانگ بەبێ لێبڕین بریتی بوە لە نزیکەی سێ تڕلیۆن و 580 ملیار دینار

موچەی پێنجەم لە 2020 کە دەکاتە مانگی شۆبات کە شیوەی بڕینی 21% و پێدانی 79%ی موچە، نزیکەی 700 ملیار دینارە.

بەڵام وەزارەتی دارایی، رونکردنەوەی دا بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە نزیکەی 617 ملیار دیناری لە بەردەست بوە و نزیکەی 120 ملیاری قەرزکردوە.

بەم شێوەی خوارەوە:

سەرچاوەی داهات

بڕی پارە بە ملیار

 400 ملیارەکەی بەغدا

222.787 ماوە

هاوپەیمانان

20.700

داهاتی ناوخۆ

90.00

بڕی هاتۆی سامانە سروشتییەکان

283.424

قەرز

120

کۆی گشتی

736.911

تێبینی:

تاوەکو ئێستا بڕینی 21%ی موچەی مانگی شۆبات بە رون و ئاشکرا دیار نییە، ئاخۆ ئەمە پاشەکەوتە؟ قەرزە لای حکومەت؟ یان بە یەکجار بڕیویانە و پێدانەوەی نییە؟

پێشنیار و راسپاردەکانی لیژنەی دارایی و ئابوری

لەگەڵ بەغدا:

یەکەم: داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی بەردەوام بێ لە گفتوگۆکردن تاوەکو مافە شایستە داراییەکانی مسۆگەر بکات و دەستوریش بنەمای مامەڵەکردن بێ.

دوەم: داوا دەکەین سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان ، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانان بکات، کە عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستور، شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێی کوردستان خەرج بکات و چی دیکە بە عەقلییەتی مەرکەزی هەرێمی کوردستان سزانەدرێت.

لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیداکردنی داهاتبێ بو مسۆگەرکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دوەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتییازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان

سێیەم: لە ساڵی 2014ەوە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی کۆتای نەناردوتەوە پەرلەمانی کوردستان، یان لانی کەم ماوەی دو ساڵە بەیانی داراییش رەوانەی پەرلەمان نەکراوە. ئەمە پێچەوانەی دەستور و یاسایە و بوەتە گرفتی نارونی داهات و خەرجی حکومەت، هەروەها بەربەست بوە لە کاری چاودێری پەرلەمانی و دیوانی چاودێری دارایی لە چەند ساڵی رابردودا.

چوارەم:

کەمکردنەوەی باج، کەمکردنەوەی سودی بانکی بو هاونیشتیمانیان، بو ئەوەی هاندانێک بێ، بو جولەی بازرگانی و وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان بو پڕۆژە بچۆکەکان، لەهەندێ وڵات ئێستا سودی بانکی نزیکبوتەوە لە سفر.

پێنجەم:

چاکسازیکردن لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان:

ا: پێداچونەوە لە گرێبەستە نەوتییەکان

ب: جێبەجێکردنی بڕیاری 706ی ئەنجومەنی وەزیران لە رێککەوتی 20/3/2020 سەبارەت بە پێداچونەوەو وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستی خزمەتگۆزاریان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتییان هەیە، کۆمپانیاکانی ئاسایش لە بواری نەوت.

ج: وەرگرتنی باج لە هەمو کۆمپانایا گەورەکان و راگرتنی لێخۆشبونییان لە باج.

د: کۆنترۆلکردنی سەرجەم خالە سنورییەکان، بەتایبەت خالە گمرکییەکان بە مەرجێک کۆی گشتی داهات بگەرێتەوە بو حیساباتی وەزارەتی دارایی.

هـ: پێداچونەوە بە هەمو گرێبەستی ئەو کۆمپانیانەی کە کاردەکەن لە خالە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی بە شێوەیەک داهاتەکەی زیاتر بو گەنجینەی حکومەت بێ نەک بۆ کۆمپانییەکان.

و: پێویستە پسۆڵەی داهات، تەنیا پسۆلەی وەزارەتی دارایی بێ لەهەمو خاڵە گومرکییەکان.

ز: هەڵوەشاندنەوەی هەمو لێخۆشبونە گومرکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

ح: پێویستە حکومەت بریارێک دەربکات لە شێوەی مقاصە بێت ھەر هاوڵاتیەک ھەر قەرزێکی حکومەتی لایە لە عقار، زەواج، کارەبا، نیشتەجێبون، ئاو دەتوانێ لەگەڵ حکومەت لە پاشەکەوتەکەی کە قەرزە لە ئەستۆی حکومەت بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزانە بە ناوی خودی هاوڵاتی خۆی یان خێزانی یان مناڵی خوار ھەژدە ساڵی خۆیەوە بێت.

گ: پێداچونەوە بەسرجەم گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی وئینتەرنێت و قەرزەکانیان. گوندەکانی نیشتەجێ بون تایبەت بە باجی خانوبەرە.

ی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەو زەوی و زارانەی کە لەرێگەی موساتەحە دراون و تاوەکو ئێستا بەکارنەهاتون، یاخۆد کراون بە پارچە زەوی و فرۆشراون، وەربگرنەوەو حکومەت لەرێگەی موزایەدەی ئاشکرا بفرۆشرێ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بو زیادکردنی داهات و تێپەڕبون لە قەیرانی دارایی.

س: یەکێک لە رێگاکانی زیادکردنی داهات، بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی گشت دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر ورد. وەک (کەمکردنەوەی مینحەی مێوانداری، راگرتنی هاوکاری، راگرتنی کڕینی خانو و ئۆتۆمبێڵ.

ع: دەکرێ حکومەت گرنگی بداتە کاری هاوبەش لەنێوان کەرتی حکومەت و کەرتی تایبەت، بەتایبەت هەندی کەرت بەتەواوەتی رادەستی کەرتی تایبەت بکات، ئەویش هەم داهات زیاد دەبێ و هەم خەرجی حکومەتیش کەم دەبێ وەک کەرتی کارەبا.

ف: زۆر سەرچاوە هەیە کە موڵکی دەوڵەتە، بەڵام بڕی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتەوە وەرناگیرێت، بو نمونە (لە هەمو ئەو بیرە ئاوانەی کە بۆ سود وەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بەکار دێت و ژمارەیان زۆرە، پیویستە بخرێتە ژێر رسۆمی حکومەتەوە. بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان 22 هەزار و 560 بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەم بیرانە بە یاسایی بکرێن و کاژیری خوێندنەوەی ئاو و لێدانی بیرەکە هەمو سەرچاوەی داهاتن).

913 جار خوێندراوەتەوە