ڤیدیۆ..وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە رێنمایی خوێندکاران دەکەن بۆ کاتی تاقیکردنەوەکان

KNN : Kurdish News Network
07:26 - 08/07/2020
کوردستان
+
-

وەزیرانی تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێم رێنمایی خوێندکارانی پۆلی 12 دەکەن، کە چۆن لەکاتی تاقیکردنەوەکان خۆیان لە کۆرۆنا بپارێزن.

 

 د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی داوا لە مامۆستایان دەکات پەنجەرە و دەرگای هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکەنەوە بۆ ئەوەی هەوا گۆڕکێ هەبێت.

ئاماژە بەوەش دەکات نابێت خوێندکاران لەبەردەم هۆڵەکانی تاقیکردنەوە قەرەباڵغی دروست بکەن و کۆببنەوە، چونکە مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە دەبێت.

داواش دەکات خوێندکاران ئەو پێداویستیانەی بۆ تاقیکردنەوە بەکاریدەهێنن هی خۆیان بێت و هی کەسی دیکە بەکارنەهێنن.

هاوکات وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند توانیویانە بڕێکی باش ماسک بۆ خوێندکاران دابین بکەن و لە بەردەم هەموو هۆڵێکی تاقیکردنەوەش مەوادی پاککردنەوەی دەست هەیە.

د.ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند، پێویستە خوێندکاران و دایکان و باوکان هیج ترسێکیان نەبێت، تەنها رێنماییەکانی تاک پارێزی جێبەجێ بکەن و بە ئاسودەیی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامبدەن.

وەزیری پەروەردە ئاشکراشیکرد فەرمانی کردوە کە نە وەزیر و نە هیچ کەسێک بۆی نەبێت سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکات ئەوەش لە پێناو پارێزراوی خوێندکاران.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 11 ی مانگ تاقیکردنەوەکانی گشتیەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەسپێبکات و زیاتر لە 140 هەزار خوێندکار بەشداری دەکەن.

877 جار خوێندراوەتەوە