بەم شێوەیە چارەسەری ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە بكە كە بەهۆی كۆرۆناوە توشت دەبێت

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 19/06/2020
تەندروستی
+
-

بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری بڵاوكردووەتەوە، بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان كە ئامارەكان بەشێوەیەكی لەناكاو هەڵكشان.

 

 پسپۆڕانی تەندروستی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن، بەوەی بەسەر ترس و دڵەڕاوكێدا زاڵبن، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە چەند ڕێگایەك كردووە كە كاریگەری تەواوی لەسەر دۆخی دەرونی تاك دەبێت.

بەڕای پسپۆڕان پشوودان یەكێكە لە چارەسەرە كاریگەرەكان، بەجۆرێك پێویستە فشاری كار و خوێندن لەسەر تاك كەم ببێتەوە و لەو كاتەدا كە لەماڵەوەیە خۆی بە كاری دیكەوە ماندوو نەكات و پشووی تەواو وەربگرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەنجامدانی چەند ڕاهێنانێكی جەستەیی زۆر گرنگە، چونكە یارمەتی دەردانی چەند ماددەیەكی كیمیایی دەدات لەمێشكەوە، كە یارمەتی زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخەدا دەدەن.

یەكێكی دیكە لەڕێگاكانی زاڵبوون بەسەر ترس و دڵەڕاوكێی كۆرۆنادا، ڕاوێژكردنە بەپزیشكی دەرونی و وەرگرتنی ڕێنمایی تایبەتە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر حاڵەتەكە پەرەبسێنێت دەتوانرێت پەنا بۆ دەرمان ببرێت ئەویش لەسەر ڕێنماییەكانی پزیشكی پسپۆڕ.

بەشێكی ئەو كەسانەی توشی ترس‌و دڵەڕاوكێ دەبن لەم دۆخانەدا حاڵەتەكەیان پەرەدەسێنێت و چەند نیشانەیەكیان لەسەر دەردەكەوێت، لەوانە گێژبوون و دابەزاندنی كێش، بۆیە ئەگەر بارودۆخیان بگاتە ئەو ڕادەیە دەبێت سەردانی پزیشكی دەرونی بكەن تاوەكو چارەسەریان بۆ دیاریبكرێت.

هەرچەندە ترس و دڵەڕاوكێ بە دۆخ و حاڵەتێكی سروشتی دادەنرێت لە ژیانی هەرتاكێكدا، بەڵام چەند ڕێگایەكیش هەن كە ئەگەری توشبوون بەو حاڵەتانە كەمدەكەنەوە، بەتایبەت كەمكردنەوەی خواردنەوەی چا و قاوە و سۆدە، هەروەها بەشێوەیەكی گشتی ئەو خواردنەوانەی كافەین لە پێكهاتەیاندایە، ئەمە جگە لەوەی زۆر گرنگە ڕەچاوی خواردنی خۆراكی تەندروست و ماوەی خەوتن بكرێت، هاوكات بێ پرسی پزیشك هیچ جۆرە دەرمانێك بەكارنەهێنرێت.

2332 جار خوێندراوەتەوە