بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند،ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردوە کە زیاتر لە ٤٨ ملیۆن دیناری فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمامی دزیبوو.
پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرایکردوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە ناحیەی (شرگات) خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور دەستگیرکراوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددە (453) لە یاسای سزادان دەستگیر كراوە و پێش دەستگیرکردنەکەشی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، بۆ ئەوەی تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێ كە گوایە پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سووتاوە.
پۆلیسی شاری هەولێر ڕاشیگەیاندوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.
7914 جار خوێندراوەتەوە