مەسرور بارزانى: هەندێک لایەن هەوڵى بە سیاسى کردنى پەتاى کۆرۆنا دەدەن

10:41 - 29/05/2020
کوردستان

سەرۆکى حکومەتى هەرێم، پەیامێک لەبارەى مەترسیەکانى تەشەنەسەندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەن هەوڵى بە سیاسى کردنى پەتاى کۆرۆنا دەدەن.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم راشیدەگەیەنێت، جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

هاونیشتمانیانی بەڕێز...

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.
سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/29

2465 جار خوێندراوەتەوە