پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان لە ڕۆژانی جەژندا، چونكە دەبێتە هۆی پاراستنی لەش لە چەند كێشەیەكی تەندروستی.
لە ڕۆژانی جەژندا بڕێكی زۆر خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر دەخورێت و دەخورێتەوە، ئەوانەش كاریگەریان لەسەر لەش دەبێت، بۆیە پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی راهێنانە وەرزشییەكان لەو ڕۆژانەدا و پێیان وایە دەبنە هۆی پاراستنی لەش لە ئەگەری توشبوون بە چەند كێشەیەكی تەندروستی.
جەژنی ئەمساڵ لەدۆخێكی تایبەتدایە و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاندراوە، هەروەها سەرجەم پارك و شوێنە گشتییەكان و هۆڵەكانی وەرزشكردن داخراوە، بەڵام نابێت ئەوانە ڕێگربن لەئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بەڵكو دەكرێت لەماڵەوە چەند ڕاهێنانێكی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت.
شێوازەكانی وەرزشكردن لەماڵەوە جیاوازن، ئەوانەی ماڵەكەیان پلیكانەی تێدایە یاخود لە شوقەدا دەژین، دەتوانن چەند جارێك بەسەر پلیكانەكاندا سەر و خوار بكەن، هەروەها ڕاكردن لە حەوشە و سەربان یاخود لەنێوان ژوورەكانی ماڵەوەدا، ئەمە جگە لەوەی ڕاهێنانەكانی تایبەت بە ورگ دەتوانرێت بە یارمەتی كورسی و قەنەفە و چەند كەرەستەیەكی دیكەی ماڵەوە ئەنجام بدرێت.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوە پزیشییەكان وەرزش سودی بۆ كرداری هەرس هەیە، بەهۆی جۆری خواردن و جیاوازی سیستمی خۆراكی ڕەمەزان و ڕۆژانی جەژن، ڕەنگە هاوڵاتیان توشی كێشەی هەرس ببن، بەڵام ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان كرداری هەرس خێرا دەكات و لەو كێشانە دەیانپارێزێت، هەروەها وەرزش كردن سودی بۆ باری دەرونی مرۆڤ و خانەكانی مێشك هەیە و ئەو كەسانە لە ڕۆژانی جەژندا وەرزش دەكەن هەست بە ئاسودەیی و ئارامییەكی زیاتر دەكەن.
413 جار خوێندراوەتەوە