وەزارەتى دارایى و ئابورى لەبارەى لێدوانى
ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییەوە رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە.
لە رونکردنەوەکەى وەزارەتى داراییدا هاتووە، رێکەوت زەکی ئەندامی
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری
دارایی و ئابوری رێگری کردووە بەرێوەبەری گەنجینەکانی سلێمانی داتا و زانیاری
داھات بدەن بە لیژنەی لامەرکەزی.
لەو بارەیەوە وەزارەتى دارایى دەڵێت، “بە پێویست و گرنگمان
زانی ئەم رونکردنەوەیە بۆ راى گشتى بخەینە روو، یەکەم، لیژنەی لامەرکەزی
بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەکو ھاوکاری پێویستی
بکات و زانیاری بداتێ،
دووەم، بەپێی یاسا، خەزێنەکان
و بانکی ناوەندی ھەرێم ناتوانن ھیچ زانیارییەک بدەن بەھیچ لایەنێک، چونکە بەپێی یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی
کوردستان ژمارە (3)ى ساڵی 2009 ى ھەموارکراو پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی (6) پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان
بکرێت و ھەماھەنگی دروست بکرێت، تەنانەت پەرلەمانی کوردستان کە بەرزترین دەزگای یاسادانان
و چاودێرییە بەھەمان ڕێسا کاردەکات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەھەمان
ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکرێت، (بەرێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی
) ئەم رونکردنەوەی بۆ لیژنەکەتان داوە کە داواکارییەکەتان داوایەکی نایاساییە”
وەزارەتى دارایى لە رونکردنەوەکەیدا دەشڵێت “جێگای سەرسوڕمانە کە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت کە تەواوی زانیاری لەسەر
داھات و خەرجی لە خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم ( سلێمانی ) نیەو خەزێنەکان تەنھا
ئاگاداری خەرجییە مەڵبەندییەکانن و زانیاری وردو دروستیان لانیە”.
هاوکات وەزارەتى دارایى ئاماژەى بەوەشکردووە، پرسی لامەرکەزی لە دوتوێی بەرنامەی
حکومەتدایە کە ھی ھەمو لایەنەکانە بەتایبەت سێ لایەنی پێکھێنەری حکومەت، بۆیە نەداھێنانێکی نوێیە و لیژنەی
باڵای جێبەجێکاری بەرنامەکەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری
حکومەت.
لە کۆتایى رونکردنەوەکەشدا هاتووە” ئەنجومەنەکانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک گەواھی ئەوە دەدەن کە
وەزیری دارایی و ئابوری داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرەنسیپی لامەرکەزییە و ھەرلەسەرەتاوە
لە کارە لە پێشینەییەکانی بووە.
9732 جار خوێندراوەتەوە