مەسرور بارزانى: مەرجى لامەرکەزییەت پاراستنى قەوارەى هەرێمە

KNN : Kurdish News Network
08:23 - 22/05/2020
کوردستان
+
-

سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لەکارنامەى کابینەى (9) ى حکومەتى هەرێمدا ئەوە چەسپاوە کە کار بۆ لامەرکەزییەت بکرێت و ئەوان لەگەڵیدان، بەمەرجێک لە چوارچێوەى پاراستنى قەوارەى هەرێمدا بێت.

 

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارێکیدا ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى (22/5/2020) رایگەیاند، پلانى روبەروبونەوەى قەیرانەکانیان پەسەند کردووە و ئەوەش بەشێکى گرنگى کارنامەى کابینەکەیانە، وتیشى، بە چاکسازییەکانى حکومەت بەرژەوەندى هەندێک کەس دەکەوێتە مەترسییەوە بۆیە هەوڵى بەربەست دانان دەدەن لەبەردەم پرۆژەى چاکسازیدا.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، هەرچەندە دابەزینى نرخى نەوت و قەیرانى کۆرۆنا کاریگەرى لەسەر داهاتى حکومەت هەبووە و  هەرێم خاوەنى هیچ یەدەگێکى دارایى نییە و قەرزێکى زۆرى لەسەرە، بەڵام لە ماوەى دەستبەکاربوونى کابینەى (9)وە تەنها یەک موچە دواکەوتووە و (8) موچە دابەشکراوە.

 لەبارەى داهاتى هەرێمەوە سەرۆکى حکومەت وتى، کاتێک داهات (700) ملیۆن دۆلار بوو (400) ملیۆنى بۆ دەرهێنانى نەوت خەرجکراوە و تەنها(300) ملیۆن دۆلارى بۆ حکومەت بووە ، داهاتى فرۆشى نەوتیش لە مانگى رابردوودا 30 ملیۆن دۆلار بووە.


 ئاماژەى بەوەشکرد، داهاتى هەرێم 80% ى بۆ موچە خەرجدەکرێت و حکومرانیش تەنها پێدانى موچە نییە، ناکرێت خەڵکى موچەى هەبێت بەڵام خزمەتگوزاریەکانى نەبێت.

 

لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداوە مەسرور بارزانى رایگەیاند، بەردەوام هەرێم لەهەوڵى باشتر کردنى ئەو پەیوەندییانە وچارەسەرى کێشەکاندایە و بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر (3) جار هەرێم شاندى بۆ بەغدا ناردووە.

1102 جار خوێندراوەتەوە