ئایا خواردنی بامێ باشە بۆ ئێسک و جومگە و زیادبوونی لینجی جومگەکان ؟

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 08/05/2020
تەندروستی
+
-

د.هه‌ڤین که‌مال پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بابەتێکی لەسەر سودەکانی بامێ نوسیوە و ڕایگەیاندوە ھیچ توێژینەوەیەک و بەڵگەیەکی زانستی نیە کە پێمانبڵێ بامێ لینجی لە جومگەکاندا زیاد دەکات یاخود ئازارشکینە سروشتیەکانی ناو لەشی مرۆڤ تەحفیز دەکات و ئازار دەشکێنێت.

بەڵام ئەو پسپۆڕە لە بابەتەکەیدا ژمارەیەک سودی بامێی باس کردوە کە ئەمانەن:

سەبارەت بە بامێ کەبەئینگلیزی (okra) و (lady's finger) یشی پێدەوترێت . لەحەوت خاڵدا دەتوانین سوودە خۆراکیەکانی کۆبکەینەوە :

١- یەکێکە لەو ڕووەکانەی کەڕێژەیەکی زۆر لەڤیتامین سی(c) و ئەی (A) ى تیادایە لەگەڵ ڤیتامین (b6) و ڤیتامین (k1) . کەئەمانە کاریگەریەکی باشیان ھەیە لەسەر کۆئەندامی بەرگری مرۆڤ و ڤیتامین (k1) کاریگەری ھەیە لەسەر مەینی خوێن . ھەروەھا ڕێژەیەکی باش مەگنیسێۆم و فۆلەت و فایبەری تیادایە . ئەوەی بامێ جیادەکاتەوە لە سەوزەو میوەکانی تر ، ئەوەیە کە جۆرێک لە پرۆتینی تیادایەو ھەروەھا بە ڕێژەیەکی زۆریش _دژە ئۆکسیدەکان_ کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر تەندروستی ئێسک و ماسولکەکان و بە گشتی ھەوکردن کەمدەکەنەوە لە جومگەکاندا .

٢- ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسیدی تیادایە:
سەرەکیترینیان ناوی (پۆلی فینۆڵ )ە،کەکاریگەری ھەیە لەسەر تەندروستی دڵ و جەڵتە کەمدەکاتەوە، ھەروەھا ئەم دژە ئۆکسیدە توانای چوونە ناو خانەکانی مێشکی ھەیەو پارێزگاری مێشک دەکات لە ھەوکردن ،ھەروەھا لە نەخۆشیەکانی پیری و بیرچوونەوەو ئەلزھایمەر دەتپارێزێت .

٣- ڕێژەی کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت :
ئەو ماددە خەستە لینجەی لەناو بامێ دا ھەیە پێی دەوترێت (mucilage) کەتوانای یەکگرتنی ھەیە لەگەڵ کۆلیستڕۆڵ لە گەدەو ڕیخۆڵەکاندا و ناھێڵێت ھەڵمژرێت لە ڕیخۆڵەکاندا و وەک پاشەڕۆ دەکرێتە دەرەوەی لەش.

٤- دژە شێرپەنجە :
بامێ جۆرێک لە پرۆتینی تیادایە کەپێی دەوترێت (لیکتین )، کەھەندێک توێژینەوە دەڵێن ڕێگری دەکات لە زیادکردنی خانەی شێرپەنجەیی لە مرۆڤدا ، لەتوێژینەوەیەکدا لەسەر شێرپەنجەی مەمک ، بینراوە بە ڕێژەی ٦٣٪ ڕێگری کردووە لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان .

٥- کاریگەری لەسەر ڕێژەی شەکر لەخوێندا :
ھەندێک توێژینەوە دەڵێن کە ڕێژەی ھەڵمژینی شەکر لە گەدە و ڕێخۆڵەکان کەمدەکاتەوە، ھەر بۆیە ڕێژەی شەکر لە لەشدا کەمدەبێتەوە . ھەندێک توێژینەوەی تریش دەڵێن لەگەڵ دەرمانی (میتفۆرمین ) کە یەکێکە لە دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە کارلێک دەکەن ،بۆیە باشترە لەگەڵ یەکدا نەخورێن .

٦- سوودی لەژنی دووگیاندا :
لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆری لە _فۆلەت _ کە ڤیتامین (b9) ە تیایدایە . کاریگەرییەکی باشی ھەیە لەسەر دروستبوونی کۆئەندامی دەمار لە منداڵدا .

٧- بەکارھێنانی ئاسانەو بە ڕێگایەکی ئاسان دەتوانیت زیادی کەیت بۆ ژەمەکانت، دەتوانیت بە سەوزی بیخۆیت یان زیادی کەیت بۆ زەڵاتەکەت ، دەشتوانیت بە کوڵاوی و بەشلە بیخۆیت .

ھیچ توێژینەوەیەک و بەڵگەیەکی زانستی نیە کە پێمانبڵێ بامێ لینجی لە جومگەکاندا زیاد دەکات یاخود ئازارشکینە سروشتیەکانی ناو لەشی مرۆڤ تەحفیز دەکات و ئازار دەشکێنێت ، بەڵام بەگشتی بەھۆی بەھا خۆراکیەکانیەوە سوودی ھەیە بۆ تەندروستی ماسولکەو ئێسک.

ڕێگایەکی ئاسان بۆ بەکارھێنانی بامێ ڕۆژانە : (٣-٥) دانە بامێ کاڵ جوان بشۆرەوە، سەرەکانی ببڕەو بەدرێژی درزی تێبکە و بیکوڵێنە لە نیو لتر ئاودا ، داینێ تا شەو بەسەریا تێدەپەڕێت و بۆ بەیانی بامیەکە بخۆ و ئاوەکەشی بخۆرەوە .

لەوانەیە ئەم ڕێگایە تامی خۆشنەبێت ، بەڵام یەکێکە لە تەندروسترین ڕێگاکان بۆ خواردنی کە د. گریشنا نایەر ئامۆژگاریمان دەکات پێی ، کەخۆی پسپۆڕی خۆراک و ڕووەکزانی یە.

د.هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری

9800 جار خوێندراوەتەوە